ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان لەسەر مانەوەی بارزانی بڕیاریدا

17-08-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن مەسعود بارزانی
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەوەی مەسعود بارزانی بەتەواوی دەسەڵاتەکانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوەكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو بمێنێتەوە.

بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان، لە 19ئابی2015 پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەتاڵ نابێت، بەڵکو مەسعود بارزانی، بەهەموو دەسەڵاتەکانییەوە بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تاوەكو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.

ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان لە وەڵامی داواکارییەکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئەو بڕیارەی دەركردووە. بڕیارەکەش بەپێی ماددەی 9 لە یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان بە ژمارە 14ی ساڵی 2008 دەرچووە.


ئەنجومەنی شوورا بەپێی یاسای ژمارە (١٣) ساڵی ٢٠٠٧، یاسای وەزارەتی داد، لە ڕووی کارگێڕیدەوە لکێنراوە بە وەزارەتی داد. ئەم ئەنجوومەنە ئەرک و کار و ئامانج و پێکھاتەکانی بەپێی یاسای ژمارە (١٤) ی ساڵی ٢٠٠٨، یاسای ئەنجوومەنی شوورای ھەرێمی كوردستان رێکخراوە و و راییدەکات. 

ئەنجوومەنی شوورای ھەرێمی کوردستان چەند پێکھاتەیەکی یاسایی و ئیداری لەئامێزگرتووە کە چالاکانە ئەرک و فەرمانەکانی ئەنجوومەن رادەپەڕێنن بەم شێوەی خوارەوە:

1. دەستەی سەرۆکایەتی: ئەم دەستەیە پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا و جێگری سەرۆک و کۆنترین راوێژکار. ئەرکەکانی بریتییە لە دانانی پلان و سیستەمی کارکردن و کاندیدکردنی کەسانی بەتوانا بۆ پۆستی راوێژکاری یاریدەدەر و دیاریکردنی ئەندامانی (راوێژکار) دەستەی بەرزەفتکردن و تاوتوێکردنی ئەو بابەت و کێشانەی کە گرنگ و پێویستە. هەروەها کۆبوونەوەکانی بەپێی پێویست ئەنجامدەدات. 

2. دەستەی گشتی: دەستەی گشتی گەورەترین و گرنگترین دەستەیە لە ئەنجوومەنی شوورای ھەرێم، پێکھاتووە لە سەرۆکی ئەنجوومەن، جێگری سەرۆک، روێژکاران ، راوێژکارانی یاریدەدەر. ئەم دەستەیە سێ ئەرکی گرنگی لەئەستۆدایە کە ئەمانەن: 

• ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دادگای کارگێڕی یاخوود دەستەی بەرزەفتکردن دەردەچێت و یەکێک لەلایەنەکانی داواکە یاخود ئەندامی داواکاری گشتی بە یاسایی و دادپەروەری نازانێت، ئەوا دەتوانێت لەلای دەستەی گشتی تانەی لێبدات، ئەوکات دەستەی گشتی وەکو دادگای پێداچوونەوە کاری پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکە ئەنجامدەدات و لە راست و دروستی دەکۆڵێتەوە و، لە پاشان بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەردەکات .

• ئەنجامدانی کاری داڕشتن و وردبینی بۆ پڕۆژەیاساکان، کە لەلایەن دەستگاکانی حکومەتی ھەرێم ئاراستەی دەکرێت. 

• دەربڕینی راوێژ و رای یاسایی لەسەر ئەو بابەتانەی کە لەلایەن وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت ئاراستەی دەکرێت. کۆبوونەوەکانی خۆی ھەموو ھەفتەیەک و بەپێی پێویست، بە ئامادەبوونی ھەموو ئەندامان یاخوود سێ لەسەر چواری ئەندامان ئەنجامدەدات. 

3. دادگای کارگێڕی: ئەم دادگایە لەلایەن دەستەیەک لە دادوەری پسپۆر و شارەزا ھەڵدەسوڕێنرێ و پێی دەگوترێ دەستەی بەرزەفتکردی فەرمانبەران. دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی ھەرێم: دەستەی بەرزەفتکردن پێکدێت لە جێگری سەرۆک و دوو راوێژکار، کە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی دیاریدەکرێن. سەیری ئەو داوایانە دەکات، کە لە ماددە(١٣) یاسای ئەنجومەنی شوورادا ھاتووە بەم شێوەی خوارەوە: 

• سەیرکردنی دروستی ئەو فەرمان و بڕیارە کارگێڕیانەی کە لە فەرمانبەران و دەستەکان لە فەرمانگەکانی ھەرێم دەردەچن لەدوای بەرکاربوونی ئەم یاسایە، کە لایەنێک دەستنیشان نەکراوە بۆ تانون لێدانی لە سەر تانوت لێدانێکی خاوەن ئەگەری بەرژەوەندیی، تەنیا ئەوەندە بەسە کە ترسی ئەوە لە گۆڕێدا ھەبێت کە زیان بەر لایەنی بەرژەوەندیدار بکەوێ. 

• یەکلاکردنەوەی تانوتە تایبەتەکان بە ھەڵبژاردنی دەستە خۆجێیەکان. 

• یەکلاکردنەوەی ئەو داوایانەی کە دەستەکان و کەسەکان پێشکەشی دەکەن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارە کارگێڕییە کۆتاییەکان. 

• داواکانی رەگەزنامە. • داواکانی قەرەبووکردنەوە لەو زیانانەی کە لە ئەنجامی بڕیارە کارگێڕییەکانی بە نایاسایی دەرچوون. 

• تانوتدان لە بڕیارە کۆتاییەکانی کە لەلایەنە کارگێڕییەکانەوە دەرچوون لەبارەی کێشەکانی باج و رەسم بەپێی ئەو یاسایەی کە چۆنیەتی سەیرکردنی ئەو ناکۆکیانە رێکدەخات. 

• تانوتدان لە رەتکردنەوە یان کارنەکردنی فەرمانبەر یان دەستەی فەرمانگەکان و دەزگاکانی ھەرێم لەبارەی دەرکردنی بڕیارێک یان فەرمانێک کە پێویست بوو لەسەری لەڕووی یاساییەوە بیکات. 

بەشێوەیەکی گشتیی ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی کوردستان دوو شێوازی کارئەنجام دەدات، یەکەم کار قەزائی، دووەمیان کاری یاسایی تەشریعی ، بەم شێوەی خوارەوە: 

• داڕشتن و وردبینیکردنی پڕۆژەیاساکان: ئەمەش کارێکی یاسایی پڕوفیشناڵە کە بۆ ئەم مەبەستە چەندین دادوەر و پسپۆری یاسایی و قەزائی ئەم کارە ئەنجام دەدەن.

• رادەربڕینی یاسایی: ئەمەش وەکو لە سەروە باسمان کرد کارێکی یاسایی تایبەت مەندە. 

• سەیری ئەو داوایانە دەکات کە لەماددەی(١٣) یاسای ئەنجومەندا ھاتووە: ئەمە کارێکی قەزائییە و لەلایەن چەند دادوەرێکی پایە بەرز و زاناو پسپۆر .(دەستەی بەرزەفتکردن) ئەنجام دەدرێت و سەیری ئەو داوا و کێشانە دەکات، کە لە ئەنجامی پیادەکردنی یاسای ڕاژەی شارستانی فەرمانبەران سەرھەڵدەدەن. واتا بوونی دادگای کارگێڕی لەنێو پێکھاتەکانی ئەنجوومەنی شوورای ھەرێمی کوردستان کە یەکێکە لە دەزگاکانی وەزارەتی داد سەر بە دەسەڵاتی تەنفیزی وای کردووە کە دەسەلاتی دادوەری لە کوردستان دوولایەنەبێ، لایەنی قەزائی یاسایی و لایەنی قەزای کارگێری. لەرووی کاری تەشریعیەوە ئەنجوومەنی شوورای ھەرێمی کوردستان بەپێی پێویست و داوای لایەنە پەیوەندارەکان ساڵانە چەندین یاسا ھەموار و تەشریع دەکان یاخود پڕوژەیاسا راییی دەکەن یاخود ھەڵی دەوەشێننەوە


بۆ زانیاری زیاتر لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان كلیك لێرە بكە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە