پارتی لە سنووری پارێزگای نەینەوا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات

17-01-2018
ناسر عەلی
 لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
نیشانەکردن پارتی هەڵبژاردنی عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری دا لە موسڵ و شنگال و مەخموور بەشداری هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە پارتی لە کەرکووک و خورماتوو و چەند ناوچەیەکی دیکە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی بایکۆت کردوون کە بڕیارە هەردووکیان 12-5-2018 پێکەوە بەڕێوەبچن.

سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق لقەکانی مەخموور و نەینەوا و دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای لقی 1ی پارتی بە سەرپەرشتی خەسرۆ گۆران، بەرپرسی نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی پارتی، کۆبوونەوە.

 

قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە پێدانی رێنمایی بوو سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق".

بەرپرسی لقی 17ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال لەبارەی کۆبوونەوەکەوە گوتی: "لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مەخموور و شنگال بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان بکات و داواشکراوە کاندیدەکانی خۆمان بەپێی هەندێک مەرج بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەین".

سەبارەت بە دۆخی شنگال و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە و کردنەوەی رێگاکان، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال دەڵێ: " رێکخراوە خێرخوازییەکان و شاندە نێودەوڵەتییەکان ئاگاداری ئەوەن، کە ئەو رێگایانەمان کردووەتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق رێگاکە ناکاتەوە بە تایبەت حەشدی شەعبی، چونکە مەترسی ئەوەیان هەیە ئەو خەڵکە لە شنگالیش ماوە ئاوارە ببن".

قادر قاچاخ، دەشڵێ: "بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ خەڵکەکە هەمانە بارودۆخیان باش نییە و هیچیان بۆ نەکراوە، ئیدارەی شارەکە زۆر بێسەروبەرە، چونکە بوونی ئەوان لەوێ نایاساییە، بۆیە رێگاکان ناکەنەوە، تەنانەت رێگایان لە رێکخراوە خێرخوازییەکانیش گرتووە بۆ ئەوەی هاریکارییەکانی بگەیێنێتە چیای شنگال و دەڤەرەکە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە