رووداو - هەولێر
بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانى هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت کرایە وەزیری کارەبا، تاوەكو ئێستاش دیارنییە وەزیری پێشووی كارەبا پۆستی دیكە لە حكومەت وەردەگرێت یاخود نا.
قەھار حاجی مستەفا، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی كارەبا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت بووەتە وەزیری کارەبا".
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی کارەبا گوتیشی "رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 14-1-2016 فەرمانەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە، بەڵام رۆژی یەکشەممە 17-1-2016 فەرمانەکە بەدەستی وەزارەتی كارەبا گەیشتووە".
ئاماژەی بەوەشدا، لە رۆژی دووشەممەوە کارەکانی وەزارەتی کارەبا بە واژۆی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەکان و وەزیری کارەبا بە وەکالەت ئەنجامبدرێن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی وەزارەتی كارەبا، وەزیری كارەبا ئەمڕۆ یەكشەممە 17-1-2016 كۆتا رۆژی پۆستەكەی بووە لەو وەزارەتە، بەڵام تاوەكو ئێستا دیارنییە ئەو وەزیرەی یەكگرتووی پۆستی دیكە وەردەگرێت لە حكومەت یان نا.
لە رۆژی 3-1-2016 سەڵاحەدین بابەكر، وەزیری پێشووی كارەبا لەسەر پشكی یەكگرتووی ئیسلامی، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لەپۆستەكەی راگەیاند.
بابەكر هۆکاری دەسلەکارکێشانەوەکەشی بۆ خراپی رەوشی كارەبا و دابیننەكردنی سووتەمەنی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گەڕاندەوە.



