رووداو - هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ، لە دوایین سەردانیدا بۆ بەغدا، بە ئاشکرا باسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی کردووە و دەشڵێت "لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووین لەسەر نەکشانەوە لە ناوچە کوردستانییەکان".
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، رۆژی چوارشەممە 16-11-2016، لەکاتی سەردانێکیدا بۆ سنووری نەینەوا و کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە شارۆچكەی باشیك، رایگەیاند "لە دوایین سەردانمدا بۆ بەغدا بە ئاشکرا باسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانم کردووە و لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووین لەسەر نەکشانەوە لە ناوچە کوردستانییەکان".
لەبارەی پرسی "مامەڵەكردنی راستەوخۆی بەغدا لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان" بەتایبەت كە لە سلێمانی چەند رۆژێكە بۆ مووچە وروژێندراوە، بارزانی بە ناڕاستەوخۆ رایگەیاندووە "ئەو ناوچانە بە خوێنی 11 هەزار و 500 پێشمەرگەی شەهید و بریندار ئازادکراون، مومکین نییە دوای ئەو هەموو قوربانیدانە بە مامەڵەی راستەوخۆی مەرکەز لەگەڵ پارێزگاکان رازی ببین".
هاوكات داواش لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئەویش پاڵپشتییان دەکات. سەبارەت بە گفتوگۆکانیش لەگەڵ بەغدا گوتوویەتی "ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەینە چارەسەر، ریفراندۆم چارەسەرە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ