رووداو - هەولێر
مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی بزووتنەوەی گۆڕان نێوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان بافل تاڵەبانی و هادی عامری بڵاودەکاتەوە.
ئەو رێککەوتنە لە نۆ خاڵ پێکهاتووە، لە خاڵی یەکەمدا باس لە گەڕانەوەی هێزە عێراقییەکان بۆ ناوچەکانی کوردستان دەکات بەبێ شەڕ.. هەروەها درووستکردنی هەرێمی سلێمانی و کەرکووک و هەڵەبجە و درووستکردنی حکومەتێکی نوێ بۆ ئەو هەرێمە نوێیە.
دەقی راگەیێندراوەکەیە مەسعود حەیدەر
دەقی رێککەوتنی بافڵ تاڵەبانی و ھادی عامری بۆ گەڕانەوەی ھێزە عێراقییەکان بۆ ناوچە دابڕاوەکان:
لە ماوەی رابردوو دوای پرۆسەی ریفراندۆم و بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و نێوانگیری قاسم سلێمانی رێککەوتنێکی نۆ خاڵی لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و ھادی عامری ئیمزا کراوە کە چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت و لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی لەگۆڕنانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ ماوەیەکی نادیار. خاڵەکانی ئەم رێککەوتنە لە بیرۆکەیەکی فەرەنسیەوە سەرچاوەی گرتووە بۆ دابەشبوونی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ئیدارە یان دوو ھەرێم بۆ ئەوەی کورد بیر لە مافی چارەی خۆنووسین نەکاتەوە لە ئایندەی نزیکدا.
1. گەڕانەوەی ھێزەکانی عێراق بۆ ناوچە دابڕاوەکان و کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە بەبێ شەڕ.
2. تەسلیمکردنی 17 یەکەی ئیداری (قەزا و ناحیە و ناوەندی کەرکووک) بە دەسەڵاتی ئیتحادی کە لە دوای ساڵی 2014 حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئیدارەی دەدات. ئەگەر ئەوانە تەسلیم نەکرێت ئەوا عێراق داوای 11 یەکەی ئیداری دیکەش دەکات کە پاش 2003 ھەرێم ئیدارەی دەدات. کۆی گشتی دەبێتە 28 یەکەی ئیداری.
3. ناوەندی کەرکووک ئیدارەی ھاوبەش دەبێت، 15 گەڕەکی کوردی لەلایەن کوردەوە ئیدارە دەدرێت و 25 گەڕەکی تری پێکھاتەکانی تر خۆیان ئیدارەی دەدەن و ئەم حاڵەتە بۆ شەش مانگ بەردەوام دەبێت.
4. جێگا ستراتیژییەکانی کەرکووک لەلایەن حکومەتی ئیتیحادی بەڕێوەدەبرێت، موعەسکەر کەیوان و فڕۆکەخانە و بیرە نەوتەکانی کەرکوک.
5. کردنەوەوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەڕووی گەشتی نێودەوڵەتی.
6. پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی سنووری سلێمانی و کەرکووک لەلایەن حکومەتی ئیتیحادییەوە.
7. پێدانی مووچەی پێشمەرگەی سنووری سنووری سلێمانی بەپێی لیستی ئامادەکراو لەلایەن بافڵ تاڵەبانی.
8. درووستکردنی ھەرێمی ھەڵەبجە- سلێمانی- کەرکووک
9. تەشکیلکردنی حکومەتێک بۆ ئەم ھەرێمە نوێیە.
ئەم زانییاریانە لەو وەرەقە وەرگیراوە کە ھەردوولا واژۆیان کردووە، ئەوەی جێگەی تێبینییە بەڕێز هادی عامری سەرکردەی حەشدە و سیفەتی فەرمی نییە لە حکومەتی ئیتیحادی.
مەسعود حەیدەر
ئەندام پەرلەمانی عێراق
16-10-2017
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ