بارزانی: دەستبەرداری بڕیاردان لە چارەنووسی خۆمان نابین

16-09-2014
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بارزانی
A+ A-

رووداو- هەولێر

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، ئەگەر دوژمنان خەیاڵیان وابووبێت کە بە پەلاماردانی کوردستان دەتوانن گەلەکەمان ناچار بکەن دەست لە مافە رەواکانی هەڵ بگرێت و لە پرۆسەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکشێتەوە، ئەوا با باش بزانن هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکات.
 
لە کۆبوونەوەکەدا بارزانی راشیگەیاند، کە گەلی کوردستان بەهایەکی پیرۆزی پیشانی هەموو دنیادا کە ئەویش بڕوابوونییەتی بە ئازادیی گشتی، ئازادیی سیاسی و ئایینی و لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، هەر ئەو بەها بەرزانەش بوون کە ئەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەی بۆ کوردستان دەستەبەر کرد لە شەڕی گەلەکەمان بەرامبەر تیرۆریستان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بارزانی رایگەیاند: "تیرۆریستان سوپای پڕچەکی دوو وڵاتیان شکاند و بەو چەکانە پەلاماری کوردستانیان دا و تاوانێکی نامرۆڤانەیان لە شنگال ئەنجامدا، بەڵام ئێستا پێشمەرگە قارەمانەکان رۆژ لەدوای رۆژ سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن و تیرۆریستان ناتوانن خۆیان لە بەرانبەر هێرشی پێشمەرگە رابگرن، بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو تیررۆریستان و هاوکارانیان سزای تاوانەکەیان وەردەگرن و شنگال و ناوچەکانی تریش ئازاد دەکرێنەوە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".

هەروەها بارزانی سوپاسی هاونیشتمانیان و ئیدارەی پارێزگای دهۆکی کرد، کە باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی لێقەوماوان کردووەتەوە و حەواندنەوە و خزمەتکردنی ئاوارە و لێقەوماوانی بە ئەرکێکی پیرۆز لەقەڵەمدا و جەختیشیکردەوە کە چارەسەر ئەوەیە ئەو ئاوارانە بە سەربەرزی بگەڕێنینەوە ناو ماڵی خۆیان.

بارزانی راشیگەیاند، "ئەگەر دوژمنان خەیاڵیان وا بووبێت کە بە پەلاماردانی کوردستان دەتوانن گەلەکەمان ناچاربکەن دەست لە مافە رەواکانی هەڵبگرێت و لە پرۆسەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بکشێتەوە ئەوا با باش بزانن هیچ هێزێک ناتوانێ ئیرادەی گەلەکەمان زەوت بکات و هەرگیز بۆ دواوە ناکشێنەوە و دەستبەرداری مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆمان نابین".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە