رووداو- هەولێر
كارەساتی شنگال تەنها باشووری كوردستانی نەهەژاندووە، بەڵكو سۆزی خەڵكی لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بۆ خۆی راكێشاوە و لە درێژەی ئەو هەڵمەتەی لەو بەشەی كوردستان دەستی پێكردووە بۆ كۆكردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەكانی شنگال، بووك و زاوایەك لە سنە، زێڕ و زیوەكانی بوكێنی خۆیان بەخشییە ئاوارەكانی شنگال.
لە رۆژهەڵاتی كوردستان، خەڵكانێكی زۆر بە شێوەی جۆراوجۆر یارمەتییەكانی خۆیان بۆ ئاوارەكانی باشووری كوردستان كۆدەكەنەوە، لەو چوارچێوەیەدا بووك و زاوایەك لە مەیدانی ئیقباڵ ( ئازادی)ی شاری سنە، دەستپێكی ژیانی نوێیان بە بەخشینی زێڕ و زیوەكانیان بە ئاوارەكانی شنگال دەستپێكرد.
لە شارەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆكردنەوەی یارمەتییە مرۆییەكان بەردەوامن و بۆ ئەو مەبەستە 50 ناوەندی كۆكردنەوەی یارمەتی لە پارێزگای سنە كراوەتەوە.



