رووداو - بەغدا
سەعید کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ماوەی سێ رۆژە شەش لایەنی کوردستانی داوای کردنەوەی سندووقەکان و بە دەست ژماردنەوەی دەنگەکانیان کردووە بەڵام کۆمیسیۆن وەڵامی نەداونەتەوە. ئەو دەڵێت، بەپێی یاسا پێویستە داواکاری ئەو لایەنە ناڕازییانە جێبەجێبکرێت.
سەعید کاکەیی لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە. ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند، هەندێک تێبینی لەسەر رێکارەکانی هەڵبژاردن هەیە، یەکێک لەوانەش ئەوەیە "بەپێی یاسا دەبوو لە رۆژی دەنگداندا ئەنجامی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بدرایە بە چاودێریی لایەنە سیاسییەکان، بەڵام ئەوە نەکراوە و هیچ چاودێرێک وێنەی دەنگەکانی وەرنەگرتووە".
سەعید کاکەیی راشیگەیاند، دەبوو هەر دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان، کۆمیسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی رابگەیاندایە بەڵام ئەوەش جێبەجێنەکراوە.
کاکەیی داوا لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەکات "بۆ رەواندنەوەی گومانەکان بەپێی یاسای ژمارە 11 بە رێژەیەکی تایبەت و سنووردار سندووقی دەنگدانەکان بکرێنەوە؛ بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە دەستکاری دەنگەکان کراوە یان؟ ئەگەر ئەو دەستکارییە هەبوو ئەوا دەبێ کۆمیسیۆن رێکاری دیکە بگرێتەبەر".
سەعید کاکەیی راشیگەیاند، شەش لایەنی سیاسی هەرێمی کوردستان سکاڵایان بەرزکردووەتەوە بەڵام ئەنجوومەنی کۆمیسیاران وەڵامی نەداونەتەوە، هەروەها نوێنەری ژمارەیەک لایەنی عێراقیش داوای بە دەست ژماردنی لە 5%ی دەنگەکانیان کردووە بەڵام وەڵامی ئەوانیش نەدراوەتەوە.
بەگوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن، بەپێی ماددەکانی 1، 2،3 و 4ی یاسای ژمارە 8، دەبوو ژمارەیەکی سنووردار سندووق بکرێنەوە و رێگە بە هەژماری سنوورداری دەنگەکان بە دەست بدرێت.
هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی دیموکراسیی و دادپەروەری، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی و حیزبی شیوعی دەڵێن، لە زۆرینەی ناوچەکان بەڕێگەی "پلانی پێشوەختەوە و لەڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە دەستکاری دەنگەکانمان کراوە و بۆ چەند لایەنێکی دیکە زیادکراوە".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتیدەکاتەوە لە سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک دەستکاری دەنگەکانی کردبێت. پارتی دیموکراتی کورستانیش دەڵێت، گومانی لە دەنگەکانی خۆی لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە، ئامادەیشی دەربڕیوە بۆ بە دەست جیاکردنەوەی دەنگەکانی سەرتاسەری کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ