رووداو – لەندەن
سەنتەری جیهانیی لێكۆڵینەوەكانی گەشەسەندن لە راپۆرتێكدا پێشبینیدەكات هەرێمی كوردستان لە ماوەی دووساڵی داهاتوودا لە عێراق جیاببێتەوەو دەوڵەتی كوردستان رابگەیێنێت .
سەنتەری جیهانیی لێكۆڵینەوەكانی گەشەسەندن كە بنكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە ، لەو راپۆرتەدا باسی ئەو رەوشە دەكات كە دەوری هەرێمی كوردستانیان داوە و ، باسی تەحەممولنەكردنی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ گوشارە ئابوورییەكانی بەغدا ، لە بڕینی مووچە و بودجە لە هەرێمی كوردستان و رێگەنەدان بە ناردنەدەرەوەی نەوتەكەی ، بەپێی راپۆرتەكە هەموو ئەوانە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەرەو جیابوونەوەو راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان پاڵدەنێن .
ئەو راپۆرتە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكەمین سیماكانی دەوڵەتی كوردستان دەبن ، بەتایبەتی كە زۆر ئاژە لە حكومەتی توركییەوە دەركەوتوون كە دەبینرێت هیچ ناڕازیبوونێكی نییە لە بەرامبەر دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان .
راپۆرتەكە دەڵێت ، توركیا و حكومەتی ئەردۆغان وەك هاوپەیمانێكی ستراتیژی تەماشای هەرێمی كوردستان دەكەن ، زیادبوونی رادەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا بۆ 10 ملیار دۆلار و ، بوونی 1600 كۆمپانیای توركی لە هەرێمی كوردستان و ئامادەكاریكردن بۆ ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و لەوێوشەوە بۆ وڵاتانی دیكەی جیهان ، هەموویان نیشانەی رەزامەندی توركیان لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لە باكووری عێراق ، هەروەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە .
كورد بووەتە بەشێك لە ململانێی خوێناوی ئێستای سووریا
بەپێی ئەو راپۆرتەی سەنتەری جیهانیی لێكۆڵینەوەكانی گەشەسەندن ، ئێرانیش رێگر نییە لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ، چونكە تاران دەزانێت ئەوە بەشی عێراق لە ئۆپێكدا كەمدەكاتەوە بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت ، بەتایبەتیش كە ئێران دەیەوێ بەهێزێكی زیاترەوە بگەڕێتەوە بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت و نەوتی زیاتر بفرۆشێت ، دوای هەڵگرتنی سزا ئابوورییەكان لەسەری . هەروەها سووریاش لە رەوشێكدا نییە بتوانێ هیچ شتێك لەبارەی كێشەی كوردەوە بكات ، بەتایبەتیش كە كورد بووەتە بەشێك لە ململانێی خوێناوی ئێستای سووریا .
هەروەها لەو راپۆرتەی سەنتەری جیهانیی ڵێكۆلینەوەكانی گەشەسەندندا هاتووە كە ئەمریكا و ئەوروپاش رێگری ناكەن لە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بەهۆی بوونی زۆربەی كۆمپانیا نەوتییەكانیان لە هەرێمی كوردستان ، هەروەها زۆر بایەخیش بە تایبەتمەندییەكانی گرێبەستە نەوتییەكانیان دەدەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان ، هەروەها دەیانەوێ كۆسپی بوونی ناكۆكی نێوان بەغدا و هەولێر تێپەڕێنن ، كە ئەوە بووەتە كۆسپ لە بەردەم گەیشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بازاڕە جیهانییەكان .
راپۆرتی سەنتەری جیهانیی ڵێكۆلینەوەكانی گەشەسەندن ، ئاماژە بەوەدەكات كە بەشێكی بەرپرسیارێتی هەر بڕیارێكی راگەیاندنی دەوڵەت لەلایەن كوردەوە دەكەوێتە ئەستۆی بەغدا ، چونكە بەغدا 17%ی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجە نادات ، رێگە نادات نەوت بنێرنە دەرەوەو هیچ رێگەیەكی دیكەی بۆ كورد نەهێشتووەتەوە بۆ چارەسەری ئەو تەنگژەیەیان .
بەپێی ئەو راپۆرتە ، راگەیاندنی دەوڵەت ، رێگە بۆ كورد خۆشدەكات كە زۆر لە نەوتەی بفرۆشیت كە ئێستا هەڵیگرتووەو كە لەهەرێمی كوردستانیش چووەتە دەرەوەو ، پارەكەی بۆ دەوڵەتە تازە دامەزراوەكەیان بەكاربێنن .
بەڵام راپۆرتەكە باسی ئەو كاردانەوە خراپانەش دەكات كە بڕیاری راگەیاندنی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دروستیدەكات . چونكە رێژەی 17% وادەكات هەرێمی كوردستان 25 ملیار و 517 ملیۆن دۆلار لە بودجەی عێراق وەربگرێت، بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان جیاببێتەوەو رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت ، ئەوكات داهاتەكەی بەپێی نرخی ئێستای نەوت 15 ملیار دۆلار دەبێت ساڵانە ، واتە بە 10 ملیار كەمتر لە بەشەكەی لە بودجەی عێراقدا .
گوشارە ئابوورییەكانی بەغدا كورد بەرەو جیابوونەوە پاڵدەنێن
پێشخستنی ژێرخانی نەوتیی و هێزی ناردنەدەرەوەی نەوت پێویستی بە كاتی زیاترە ، بۆیەش مەسەلەی جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لەو رەوشەدا بە شتێكی دوور دادەنرێت .
بەپێی راپۆرتەكە هەرێمی كوردستان جگە لە 400 هەزار بەرمیلەكە ، پێویستی بە ناردنەدەرەوەی 280 هەزار بەرمیل نەوتی دیكەیە لە رۆژێكدا ، بۆ ئەوەی كورتهێنانی بودجەكەی پڕبكاتەوەو بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی بدات ، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا . بەوشێوەیەش هەر وادە دانانێك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی ، تاوەكو رادەیەكی زۆر پەیوەستە بە نەوت و توانای كۆمپانیا گەورەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت .
بەپێی راپۆرتی سەنتەری جیهانیی لێكۆڵینەوەكانی گەشەسەندن ، هەرێمی كوردستان لەساڵی 2017دا ئامادە دەبێت بۆ ناردنە دەرەوەی 700 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا ، ئەوەش قۆناخێكی یەكلاییكەرەوە دەبێت لە مێژووی عێراق و كوردستاندا .
هەروەها راپۆرتەكە ئاماژە بەوەدەكات كە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی تاوەكو رادەیەكی زۆر پەیوەستە بە توانای حكومەتە عێراقییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی فراوانبوونی نەوتی و نەرمی نواندن لەگەڵ هەرێمی كوردستان ، كە نرخی نەوت بەشێكی گەورەی ئەو سیاسەتە دروستدەكات .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ