رووداو- هەولێر
مەلا بەختیار لە بارەی چارەسەری قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵی "شارێبازی چارەسەری ئابووری هێشتاش لەبەغدایە بەڵام یەكێتی ئامادەنییە یەكڕیزی كوردایەتی تێكبدات "، ئاماژە بەوەش دەكات بێ یەكێتی ناتواندرێت كوردستان بەڕێوە ببردرێت.
رۆژی پێنجشەممە 15-12-2016 مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ كادیر و رێكخستنەكانی حیزبەكەی لە بادینان لە مەڵبەندی 4ی یەكێتی لە دهۆك كۆبووەوە.
مەلا بەختیار لەبارەی كێشە نێوخۆییەكانی حیزبەكەی بە كادیرانی یەكێتی لە بادینان راگەیاندووە: "یەكێتیی نەخۆش دەكەوێ، توشی تەنگ و چەڵەمەی دەرەكیش دەبێ، بەڵام یەكێتیی هەر ئەو حیزبەیە، كە دەمێنێ و بەردەوام دەبێ و بەبێ یەكێتیش ناتوانرێ كوردستان بەڕێوەببرێت".
سەبارەت بە قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێمی كوردستان مەلا بەختیار گوتی "یەكێتی لەهەوڵی بەردەوامی چارەسەری كێشەكاندایەو شارێبازی چارەسەری ئابووریش هێشتا لەبەغدایە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك یەكێتی ئامادەنییە یەكڕیزی كوردایەتی تێكبدات و ناتوانین كوردستان و یەكێتیی نەتەوەیی بخەینە ژێر پرسیارەوە".
بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری لە تێكچوونی یەكڕیزی كورددا و دەڵێت "هەمیشە لەمێژوودا، خیانەتی یەكەم لە تێكدانی یەكڕیزی میللەتەوە دەستپێدەكات. ئینجا دەستتێوەردانی داگیركەران و دووژمنانی كورد سەرهەڵدەدات".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ