رووداو - هەڵەبجە
هونەرمەند حەسەن موراد تابلۆیەکی گەورەی بریندارێکی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکێشێت، درێژییەکەی پێنج مەترە و پانییەکەی 2 مەتر و 30 سانتیمەترە.
تابلۆکە گوزارشت لە بریندارێکی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات، ئەویش کەسێکە بەناوی مامۆستا کامیل عەبدولقادر، ئەم کەسە چەندین ساڵە لەماڵەوە لەسەر جێگە کەوتووە و لەڕێگای ئامێرەوە هەناسە دەدات.
چەندین کەمپەین بۆ هاوکارییکردنی ئەنجامدراون و بە شەهیدی زیندووی کیمیابارانی هەڵەبجە ناوی دەرکردووە.
حەسەن موراد، هونەرمەند لەبارەی تابلۆکە بە رووداوی راگەیاند: "من بەباشی لە ئازارەکانی خەڵکی شارەکەم تێدەگەم، خۆم و کەسوکارم قوربانی کیمیابارانی هەڵەبجەین، تەنیا لەنێو ماڵی ئێمەدا 20 کەسمان شەهیدبوون، هەر بۆیە دەمەوێت بە فڵچەو رەنگەکان ئازارەکانی شارەکەم نیشان بدەم، ئەمە یەکەم کارم نییە و دوا کاریشم نابێت، کە خۆبەخشانە ئەنجامی بدەم لەپێناو هەڵەبجە".
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن