وردەكاری ژیانی ئۆجەلان لەزاری هاوڕێكانى و كەسوكارەكەی و بەرپرسانی توركیاوە

15-02-2016
محەممەد ئیسماعیل
...
...
نیشانەکردن عەبدوڵڵا ئۆجەلان
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ دووشەممە 15-2-2016 ساڵڕۆژی دەستگیركردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)یە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 1999 لە كینیا دەستگیركرا. 

هەرچەند عوسمان ئۆجەلانی برای ئاماژە بەوە دەكات كاتی لەدایكبوونی ئۆجەلان بەتەواوی نەزانراوە، بەڵام بە فەرمی 4-4-1947 وەك رۆژی لەدایكبوونی دیاریكراوە، كە لە لە گوندی ئامارای شارۆچکەی خەلفەتی پارێزگای روهای باکووری کوردستان چاوی بە دونیا هەڵهێناوە.

بەهۆی ئەوەی کە لە گوندەکەی قوتابخانە نەبووە، ئۆجەلان، رۆژانە زیاتر لە حەوت کیلۆمەتر بەپێ رێگەی بڕیوە تاوەكو بگاتە قوتابخانە.

باوکی ئۆجەلان مرۆڤێکی دیندار و لەخواترس بوو، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئۆجەلان داناوە و تاوەكو کاتی خوێندنی زانکۆش دینداربوو.

هاوڕێکانی ئۆجەلان لە ئەنقەرە باس لەوە دەکەن کە چەند جوزئێکی لە قورئانی پیرۆزی لەبەر بووە.

یەکێک لەو کەسانە کە شایەتی ئەو رۆژانە دەدات، بولەنت ئارنچ، یاریدەدەری پێشوی سەرۆکوەزیرانی تورکیایە کە لە زمانی هاوڕێیەکی نزیکی ئۆجەلانەوە باسی کاتی خوێندنی ئۆجەلان دەکات لە ئەنقەرە.

بولەنت ئارنچ  دەڵێت "با باسی سێ هاوڕێتان بۆ بکەم، لە ئەنادۆلەوە هاتوون، یەکیان ناوی دورموشە، ئەوی دی یەعقوب، ئەوی دیکە عەبدوڵڵا، هەموویان دیندار و قورئانخوێن بوون. لە مزگەوتی مەڵتەپە نوێژیان دەکرد. دوای ماوەیەکی زۆر، یەکێک لەوانە دەبێتە سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا و ئەوی دیکەش دەبێت بە ئەندازیار لە مەدینە و ئەوی دیکەش عەبدوڵڵا ئۆجەلانە".

دوای ئەوەی ئۆجەلان ماڵئاوایی لە گوندەکەی کرد و لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەستی بە خوێندنی زانکۆ کرد، دەستی بە لێکۆڵینەوە لە شکستی شۆڕشەکانی کورد کرد لە مێژوودا. دواتر و لە ساڵی 1978 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراند. 

دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە باکوری کوردستان، وەچەرخانێکی گرنگە بۆ کوردان لەو پارچەی کوردستان. شۆڕشەکەی ئۆجەلان خەونی سیاسییەکانی ئەنقەرە دەشیوێنێت، بەو هۆیەوە تورکیا گوشار لەسەر سووریا دروست دەکات. ئۆجەلان، وەک خۆی دەڵێت "بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی دروستبوونی شەڕێکی گەورە لە ناوچەکە، سووریا جێدێڵێت و هانا بۆ چەند وڵاتێکی جیهان دەبات، لەوانە ئیتاڵیا و یۆنان و کینیا".

بەڵام هیچ وڵاتێک ژیانی ئۆجەلانی نەپاراست و لە موئامەرەیەکی نێودەوڵەتیدا، لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە. 

ئۆجەلان، هەرچەندە لە زیندانێکدا بەندکراوە کە لە دوورگەیەکدا لەناو ئاوەکانی دەریای مەرەمەرە بنیاتنراوە و سەربازانی ئیمراڵی میوانی هەمیشەیی دوورگەکەن، بەڵام دوای 16 ساڵ دووری، هێشاش رێبەرایەتی پەکەکە دەکات و ناوی ئیمراڵی لەگەڵ قەندیل و ئامەد دێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە