د. عەلی سندی: پرسی هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانمان لەگەڵ بەغدا تاوتوێکرد

15-01-2019
گۆڤەند مستەفا
د.عەلی سندی: رەزامەندی لەسەر چەند خاڵێک دراوە و دەبرێنە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران"
د.عەلی سندی: رەزامەندی لەسەر چەند خاڵێک دراوە و دەبرێنە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران"
نیشانەکردن بازگەکان
A+ A-

رووداو - بەغدا

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لەبارەی چەندین پرسی پەیوەست بە هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکان گفتوگۆیان کردووە و رەزامەندی لەسەر چەند خاڵێک دراون، کۆی گشت خاڵەکانیش دەبرێنە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدرێت.

ئەمڕۆ لە بەغدا، د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری بە سەرۆکایەتی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق کرد، کە تێیدا  هەر یەک وەزیرانی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، هەروەها بەڕێوەبەری دەستەی گومرگ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکە ئامادەبوون.

د. عەلی سندی بە (رووداو)ی راگەیاند "کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بووە لەبارەی درێژەپێدانی کۆبوونەوەکانی پێشتر، بەتایبەت ئەو لێکتێگەیشتنانەی لە کۆبوونەوەکانی پێشتر ئەنجامدراون بۆ هەڵگرتنی خاڵە گومرگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق".

بەگوتەی وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان "کۆمەڵێک خاڵ ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی ئەو بازگانە هەڵبگیرێن، بەرنامەی ئەوە دانرابوو کۆمەڵێک رێکار بگیرێنەبەر لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا کە خۆی لە نزیکەی 9 خاڵدا دەبینیەوە، سەرەکیترینیان پرسی یەکخستنی پێناسی گومرگ بوو، ئەو بابەتە رەزامەندی لەسەر درا". 

لەبارەی پرسەکانی دیکە، د. عەلی سندی گوتی "سەبارەت بە بابەتەکانی دیکەی وەک فڕۆکەخانەکان، شاندی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشتر یاداشتی لێکتێگەیشتنیان ئامادەکردبوو. سێ بابەتیش پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پێشەسازییەوە هەبوو، یەکێک لەوانە پرسی پیادەکردنی یاسای ژمارە 20ی عێراق لە هەرێمی کوردستان کە تایبەتە بە پێدانی مۆڵەت بە کارخانەکان، پێشتر بە یاسای ژمارە 25 لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدرابوو، کە ژمارەیان 3 هەزار کارخانە دەبێت، گفتوگۆیەکی زۆری لەبارەوە کرا، رەزامەندی لەسەر ئەوە درا وەزارەتی پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی پیشەسازی ئەو کارە ئەنجامبدات".

وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "سەرجەم ئەو خاڵانە ئەمڕۆ براونەتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەوەی لەوێ  فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی بۆ کاروباری ئابووری بیان خاتەڕوو، ئەوەش دوایین کۆسپەکانی بەردەم هەڵگرتنی بازگەکان بوون، ئێمەش هیوادارین ئەو بازگانە هەڵبگیرێن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە