رووداو - سلێمانی
مشتومڕی "بندیوار" و دوو مووچەكان، چیدی لە بندیوارەكاندا نەماوەتەوە و پەرلەمان و حكومەت بە چڕی سەرقاڵن چارەسەری بكەن، ئێستا هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆكن لەسەر ئەوەی حكومەت دەست بەچارەسەركردنی ئەو كێشەیە بكات كە باری شانی حكومەتی قورس كردووە، بەڵام هێشتا پەرلەمانتاران نەگەیشتوونەتە رێكاری كۆتایی شێوازی چارەسەرەكە.
شێركۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو، كات بە درەنگ دەزانێ بۆ ئاوڕدانەوەی جددی لە پرسی بندیوار و ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەكیان هەیە "پڕۆژە بڕیارێكمان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە بۆ ئەوانەی زیاتر لە مووچەیەكیان هەیە".
لە پرۆژە بڕیارەكەدا هاتووە "ئەوانەی 2 مووچەیان هەیە، ماوەی 2 مانگیان بۆ دەستنیشان بكرێت و پێیان بگوترێ كە مووچەكانیان ئاشكرا بكەن، ئەگەر لەو ماوەیە نەهات و یەكێك لە مووچەكانی هەڵنەبژارد، ئەوكات دەبێ بە توندترین شێوە سزا بدرێ".
ئەو پەرلەمانتارە هێما بۆ سزادانەكەش دەكات و دەڵێ "هەموو ئەو مووچانەی پێ دەبژێردرێ كە پێشتر وەریگرتوون، بەڵام ئەگەر لەو ماوەیە یەكێك لە مووچەكانی هەڵبژارد، سزا نادرێت و ئازادیشە لەوەی كام مووچەیان هەڵدەبژێرێ".
20 هەزار خانەنشینی سەربازی لە ساڵێكدا
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە ئەوەی زیاتر قەیرانە داراییەكەی حكومەتی قورستر كردووە، بوونی ئەو هەموو مووچەخۆرە بێ بەرهەمانەی حكومەتن، جگە لە ژمارەیەكی زۆر خەڵك كە خانەنشین كراون بەبێ رەچاوكردنی یاسا و رێشوێنەكانی خانەنشینی و دەشڵێ "ئەگەر بەراوردی نێوان ساڵی 2012 و 2013 بكەین، تەنیا لەماوەی ئەو ساڵەدا 20 هەزار كەس بەپلەی سەربازی خانەنشین كراون، بەوهۆیەوە 227 ملیار دینار بۆ مووچەی حكومەت زیادی كردووە".
عەلی حەمەساڵح دەپرسێت "ئایا ئەو دۆخەی كشتوكاڵ لە كوردستان بەرهەمی 15 هەزار فەرمانبەری وەزارەتی كشتوكاڵە؟ دۆخی كارەبا بەرهەمی 16 هەزار فەرمانبەرە؟ پیشەسازی و بازرگانی هەروا 6 هەزار فەرمانبەریان هەیە، بەڕێوەبەرێتی رۆشنبیری هەیە 40 كارمەندی هەیە، تەنیا 20یان دەوام دەكەن".
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی گۆڕان، چارەسەری دەبڵ مووچەكان لەوەدا دەبینێ كە پێشتر شێركۆ جەودەت باسیكرد، بەڵام لەبارەی بندیوارەكانەوە دەڵێ "با حكومەت بیانخاتە سەر كار نەك فەسڵیان بكات". وردەكاریی زیاتر لەوبارەوە بۆ چارەسەركردن بەڕای ئەو ئەوەیە "وەزارەتەكان پڕۆژەی وەبەرهێنانیان هەبێت و ئەو مووچەخۆرانەی پێبكەنە هێزی وەبەرهێن لە بەرامبەر ئەو مووچەیەی وەریدەگرن".
"100 هەزار بندیوار و خانەنشین راست نییە"
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش لە پەرلەمانی كوردستان جەختدەكاتەوە لە پەلەكردن لە چارەسەری ئەو كێشەیە و دەشڵێ ئەو ژمارە قەبەیەی میدیاكان باسیدەكەن سەبارەت بە ژمارەی بندیوار و خانەنشینەوە راست نییە "100 هەزار نابێت و كەمترە، بەڵام شتەكان قەبە كراون و دەبێ داتا و بەڵگە هەبن نەك لە خۆتەوە باسی ژمارە بكەیت".
بێگەرد تاڵەبانی هەروەها دەڵێ "ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتی بڕوامان وایە لە مەسەلەی سیستمی خانەنشینكردن نادادپەروەریی هەیە و دەبێ چارەسەر بكرێ، پێمانوایە حكومەت خۆی دەتوانێ دەست بە لێپێچینەوە بكات و یاسای پەرلەمانی ناوێ".
بەڵام عەلی حەمە ساڵح دەڵێت بندیوار و دەبڵ مووچە 100 هەزاری تێپەڕاندووە و پێویستە یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق لەگەڵ ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستان بگونجێنین و بەو پێیە چارەسەری باش بدۆزینەوە. هەروەها دەڵێ "هەڵەیە ئەگەر حكومەت بیەوێ بە چارەسەركردنی كێشەی بندیوارەكان، بێكاریی رووپۆشكراو زۆرتر بكات، فەرمانگەی وا هەیە 6 كارمەند لە ژوورێكدان و سێیان بێكارن، ئێستا حكومەت بندیوارەكان دەنێرێتە ناو فەرمانگەكان و ژمارەی ئەو 6 كەسە دەكاتە 12".
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە بۆ پەرلەمانی كوردستان نێردراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 400 هەزار مووچەخۆری هەیە كە 684 هەزاریان فەرمانبەرن. عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان پێیوایە زیاتر لە 100هەزار كەس بندیوار و خاوەنی دوو مووچە و 3 مووچەن و بندیواری وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ئەوقاف و كارەبا و كشتوكاڵ و پیشەسازی و بازرگانی، زۆرترینی ئەو مووچەخۆرانەیان تێدایە.
"حكومەت خەریكی بندیوارەكانە"
پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ سەردانی وەزیری داراییان كردووە و پێیانگوتووە دەست بە لێپێچینەوە بكەن لەو جۆرە مووچەخۆرانە "پێمانگوت دەتوانن وەك حكومەت و وەزارەتی دارایی دەست بە لێپێچینەوەی خۆتان بكەن و پێویست بەوە نییە چاوەڕوانی پەرلەمان بكەن بۆ یاسا و پڕۆژە یاسا".
د.فرسەت سۆفی گوتیشی ئەوان لە فراكسیۆنی پارتی داوا دەكەن هەموو لایەنەكان هاوكاریی حكومەت بكەن بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو پرسە چارەسەر بكات "هەموو فراكسیۆنەكانیش كۆكین لەسەر ئەو بابەتە". ناوبراو دەڵێ بەبێ داتا و ئاماری تەواوی ئەوانەی مووچەی بندیوار وەردەگرن، یان دوو مووچەیان هەیە، حكومەت هیچی پێناكرێت، بۆیە ئێستا وەزیری دارایی سەرقاڵی ئەوەیە داتای هەموو وەزارەتەكانی پێبگات و دواتر هەمووی كۆدەكرێتەوە.
"مووچە 60%ی بودجە دەبات"
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان دەڵێ، ناكرێ لێپێچینەوە بریتی بێت لە مووچەبڕینی خەڵك و دەبێت "قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر بكرێت". حاكم ئەحمەد ئەنوەر، گوتیشی ئەوان وەك دەستەی دەستپاكی بەو پرسەوە خەریكن و چاوەڕوانن حكومەت داتا بەیسەكەی لەو بارەیەوە چارەسەر بكات "حكومەتی ئەلیكترۆنی بە ئاسانی دوو مووچە چارەسەر دەكات، بەڵام بندیوارەكان دەبێ دەرفەتیان پێبدرێ تاوەكو بگەڕێنەوە سەر وەزیفەكانی حكومەت".
لەساڵی 1992ەوە 471 پەرلەمانتار و 136 وەزیر خانەنشینكراون بە مووچەی زیاتر لە 5 ملیۆن دینار، ئەوە جگە لە ژمارەیەكی زۆر لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار، حكومەت ئێستا تێدەگات كە كۆڵە پشتەكەی لە كێشی خۆی قورسترە و دەبێ پێش ئەوەی بكەوێ سووكتری بكات.
سەرۆكی دەستەی دەستپاكی دەڵێت "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە 60%ی بودجەی كوردستان بۆ مووچەیە، لە كاتێكدا بەپێی ستانداردی جیهانی دەبێ 20% بۆ 25%ی بودجە بڕوات بۆ مووچە". وەك سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان گوتی، ئەگەر رێوشوێنی حكومەت مووچەبڕینی خەڵك بێت، ئەوە هەڵەیە "بەڵام دەكرێ كاریان بۆ بدۆزرێتەوە و لەبەرامبەردا ئەو مووچەیە لە حكومەت وەربگرن، یان لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە كاریان بۆ بدۆزرێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ