رووداو - مەخموور
هێزی پێشمەرگە رێگەی بە هێزێکی سوپای عێراق نەدا بە سنووری مەخمووردا تێپەڕبێت و هێزەکەش گەڕایەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند"رۆژی هەینی 14.10.2016، هێزێکی سوپای عێراق دەیویست لە میحوەری مەخموورەوە بچێتە نزیک موسڵ و لەوێ جێگیربێت، بەڵام هێزی پێشمەرگە رێگری لێکردوون، بەهۆی ئەوەی چەند ئاڵایەکی جیاوازی تائیفییان بەرزکردبووەوە".
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا "پێشمەرگە داوای لێکردوون تەنیا ئاڵای عێراق بەرزبکەنەوە، بەڵام هێزە عێراقییەکە قبوڵیان نەکردووە، لە بەرامبەریشدا پێشمەرگە رێگەی پێنەداون تێپەڕبن". گوتیشی:" بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە پەیوەندی پێوەکراوە و ئێستا خەریکی دروستکردنەوەی هەماهەنگین".
هاوکات فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری مەخموور بە رووداوی گوت "ئەو هێزەی سوپای عێراق هەندێک لەو خاڵ و مەرجانەیان جێبەجێ نەکردبوون کە لەنێوان پێشمەرگە، سوپای عێراق و هاوپەیمانان رێککەوتنیان لەسەر کراوە، لەبەر ئەو هۆیەش گەڕێندراونەتەوە"
ئەوە لەكاتێكدایە رۆژی چوارشەممە 12-10-2016، کاروانێکی سوپای عێراق لەکاتی تێپەڕبوونیان لە قەزای خەبات، تەقەیەکی زۆریان کرد، ئەوەش نیگەرانی لای هاونیشتمانیانی ئەو قەزایە دروستکرد.
یەکێک لە هاونیشتمانیانی کەڵەک کە وەک شایەتحاڵ قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، گوتی:"لەکاتی تێپەڕبوونی هێزەکەی سوپای عێراق، خەڵکی شەبەکی ناوچەکە بۆ پێشوازی و دەربڕینی خۆشحاڵی لە هاتنی ئەو هێزە، هاتبوونە سەر رێگاکە، سەربازەکانی سوپای عێراقیش لە کاردانەوەدا دەستیان بە تەقەی خۆشی كرد کە یەکجار زۆر بوو، بەڕاستی ئێمەی نیگەرانکرد و بووە جێی نیگەرانی خەڵکی کەڵک".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ