رووداو – واشنتن
شەوی رابردوو بە كاتی كوردستان ، ژمارەیەك ئەفسەر و سەربازی سوپای ئەمریكا لەگەڵ پێشمەرگە چوونە سەر چیای شنگال ، بۆ پلاندانان بەمەبەستی هێرشكردنە سەر هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام (داعش) و دەرهێنانی دەڤەری شنگال لە دەست چەكدارانی داعش ، بەڵام گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK و یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG ، هەڕەشەیان لە ئەفسەرەكانی سوپای ئەمریكا و پێشمەرگە كرد ، كە نابێ ئەو هێرشە بكەن و، دەبێ پێشتر هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوان بكەن ئینجا هێرشبكەن . ئەفسەرانی ئەمریكیش بەهەموو شێوەیەك ئەوەیان رەتكردەوە.
بەپێی سەرچاوەكانی حكومەتی ئەمریكا لە واشنتن ، هەڕەشەكانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK، شكستی بەو هەوڵەی هێزە تایبەتەكانی سوپای ئەمریكا هێنا ، بۆ دەرهێنانی دەڤەری شنگال لە دەست هێزەكانی داعش . چونكە ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك ئامادەنییە هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ PKK بكات ، چونكە PKK یەكێكە لەو رێكخراوانەی كە ئەمریكا لە لیستی تیرۆردا دایناون .
بەپێی لێدوانی فەرماندەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگال ، یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG كە باڵی سەربازیی PKKیە لە رۆژئاوای كوردستان ، ئێستا لە چیای شنگال ، ناوەندێكی مەشقكردنی كردووەتەوە بۆ ئەندامی بزووتنەوەی چاكسازیی ئێزدی ، كە ئەو بزووتنەوەیە پێیوایە ئێزدی كورد نین و نەتەوەیەكی جیاوازن ، هەروەها لە هەموو هەڵبژاردنەكانی دەڤەری شنگال ، ركابەرایەتی لیستی هاوبەشیی كوردی كردووەو، هەروەها دژایەتییەكی زۆر لەنێوان ئەو بزووتنەوەیە و پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە.
بەپێی لێدوانی فەرماندەكانی پێشمەرگە لە دەڤەری شنگال ، دوای گرتنی دەڤەری شنگال لەلایەن هێزەكانی داعش ، هێزێكی پێشمەرگە دوای سێ رۆژ ، واتە لە رۆژی 6ی ئەو مانگە ، رێگەیەكی رزگاربوونی بۆ دەیان هەزار كوردی ئێزدی كردەوە ، كە بۆ خۆپاراستن چووبوونە چیای شنگال .
ئەو رێگەیە لە چیای شنگالەوە دەستپێدەكات و بە (ناحیەی سنوونێ)ی قەزای شنگالدا تێدەپەڕێت بۆ رۆژئاوای كوردستان . لەوێشەوە كوردانی ئاوارەی ئێزدی جارێكی دیكە لە دەروازەی سێمالكاوە دەپەڕنەوە بۆ قەزای زاخۆ لە باشووری كوردستان .
دوای كردنەوەی ئەو رێگەیە لەلایەن پێشمەرگەوە ، كە پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ YPG لە رۆژئاوای كوردستانەوە چووەوە دەڤەری شنگال و بەشێكیشیان بە هەلیكۆپتەر لە دەڤەرەكە دابەزین . گەریلاكانی PKK و YPG دوای ئەوەی پێشمەرگە ئەو رێگەیەیان كردەوە ، چوونە چیای شنگال . ئێستا ئەوان دەیانەوێ قەناعەت بە خەڵكی ئەو ناوچەیە بێنن كە ئەوان خەڵكی دەڤەری شنگالیان پاراست و، پێشمەرگە ئەوانی نەپاراست و ناپارێزێت . هەروەها چەند جارێكیش ئاژانس و تەلەڤزیۆنەكانی سەر بە PKK ، لە دوو رۆژی یەكەمی گرتنی شنگال لەلایەن داعشەوە ، بڵاویانكردەوە كە ئەوان شاری شنگالیان لەدەست داعش دەرهێناوە، بەڵام ئەو شارە هێشتا لەدەست داعشدایە.
كوردانی ئێزدی لە ئاوارەییدا لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا دەژین و، تائێستا زیاتر لە 115 هەزار لە دەروازەی سێمالكاوە گەیشتوونەتە پارێزگای دهۆك . ئەو ئاوارانە دەیانەوێت رۆژێك زووتر بگەڕێنەوە گوند و شارۆچكەكانیان.
شەوی رابردوو ، ئاژانسە هەواڵییەكانی جیهان ، بڵاویانكردەوە كە سوپای ئەمریكا لەسەر چیای شنگال دابەزیوە بۆ هێرشكردنە سەر چەكدارانی داعش لە شنگال ، بەڵام بەپێی زانیارییە پشتڕاستكراوەكانی تۆڕی میدیایی رووداو ، لەسەرچاوەی ئاگادارەكانی حكومەتی ئەمریكا و سەرچاوە كوردییەكانەوە ، ئەو هێرشەی ئامادەكاری بۆ دەكرا و نێوەندە میدیاییەكانیش لە ئەمریكا خۆیان بۆ ئامادەدەكرد ، لەسەر چیای شنگال شكستیپێهێندرا ، بەهۆی كۆسپ و هەڕەشەكانی گەریلاكانی PKK و YPG.
ئەمریكا و وڵاتە رۆژئاواییەكان ، دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال و ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان ، رایانگەیاند كە ئەوان هاوكاری پێشمەرگە دەكەن ، بۆ بەرگریكردن و رووبەڕووبوونەوەی داعش . بەڵام PKK و پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD، كە باڵی سیاسی PKKیە لە رۆژئاوای كوردستان ، دەڵێن دەبێ ئەو پشتیوانییە لە سێ كانتۆنەكانی ئەوانیش بكرێت لە رۆژئاوای كوردستان . ئەو سێ كانتۆنە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا ، كە گەورەترین بەرەی سیاسییە لە دەرەوەی PYD، تائێستا دانی بەو سێ كانتۆنە دانەناوە .
كانتۆنی جزیرە لە رۆژی 10ی ئەو مانگەدا لە بەیاننامەیەكدا رەخنەی لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان گرت كە پشتیوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن دژی داعش ، بەڵام پشتیوانی لە كانتۆنەكەی ئەوان ناكەن دژی داعش .


.png&w=3840&q=75)

