رووداو- شنگال
عەقید جڤیان، فەرماندەی گشتیی هەپەگە لە شنگال، سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو كرد، ئەو بەر لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی رووداو گلەیی لە دەزگاكانی راگەیاندن كرد كە تاكلایەنە رووماڵی شەڕەكەیان كردووە و گوتی "رەخنە لە راگەیاندنی هەموو لایەنەكان دەگرم، هەرچەندە رووداو باشترە و دووجار سەردانیان كردووین و قسەمان كردووە، بەڵام ئەوانی دیكە یەكلایەنە شەڕەكە رووماڵ دەكەن".
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی رووداو کە هەواڵی رزگارکردنی شەنگال بۆ ئەوان چی دەگەیێنێ؟ عەقید جڤیان گوتی " لە 3ی ئابی 2014 هێرشكرایە سەر شنگال و پارچەیەكی باشووری كوردستان دابڕا، لە 5ی هەمان مانگ ئێمە وەك هێزەكانی هەپەگە لێرەین و شنگال دەپارێزین، 15 مانگە بەرخودان دەكەین، پاشان لە دەوروبەری شنگال ئۆپەراسیۆن دەستیپێكرد و لە 19-12-2014 هەم لەلای رۆژئاوا، هەم لەلای زوممار پێشڕەوی هەبوو".
گوتیشی " هەر ئەو رۆژە دەمانەویست شنگالیش بگرینەوە و هێزەکانمان لە هەپەگە و یەپەشە چوونە نزیکی شنگال و هێزێکی زۆری پێشمەرگەش ئەو کات هاتن، ئەو شوێنانە 11 مانگە لەدەستی هەموو هێزەکاندان، ئەگەر ئەوكاتیش بەردەوامباین لە ئۆپەراسیۆن، ئەو شوێنانەی ئەم دوو رۆژە گیراونەتەوە، 11 مانگ پێش ئێستا دەمانگرتنەوە و چاوەڕێمان نەدەكرد، لەو کاتیشەوە ئێمە لە شنگال شەڕمان کردووە و تەنها لەنێو شنگال 35 هەڤاڵمان لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگە و جەنگاوەری ئێزدی شەهیدبوونە".
لەبارەی دەرچوون یان مانەوەیان لە شنگال کە دوو رۆژ پێش ئێستا بۆ رووداو گوتبووی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی، شنگال جێدەهێڵن، فەرماندەی گشتیی هەپەگە لە شنگال گوتی " ئێمە هەردەم گوتوومانە کە نامانەوێ شنگال داببڕین و بیخەینە ژێر رکێفی خۆمان، دوێنێش کەجەکە باسی کرد، ئێستا لەنێو شار و دەرەوەی شنگال چەتەی داعش هەن، هەروەها بڕیاری کۆتایی لەلای سەکردایەتیمانە و دەمانەوێ ئێمە لە دانوستاندن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامبین و کۆتایی بەو کێشەیە بێنین".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشمەرگە کۆبانێی جێهێشت بۆ ئێوە شنگال جێناهێڵن، عەقید جڤیان گوتی " کێشەی گەورە ئەوەیە ئینكاری لە هەبوونی هەپەگە لێرە دەکرێ و، کامێراکانی میدیاکانیش چالاكییەكانمان رووماڵ ناكەن و زومی كامێراكانیان لە گەریلاكانمان لادەدەن". گوتیشی " پێشمەرگە لە كۆبانێ پێشوازی لێکرا دڵی هەموو كوردێكی خۆشكرد، بە بڕیاری خۆشیان کشانەوە، بەڵام لێرە چالاکی پەکەکە و هەبوونی بچووک دەکرێتەوە".
لەبارەی گرژییەکانی نێوان پێشمەرگە و پەکەکە و ئەگەری روودانی شەڕ لەنێوان هەردوولا، ئەو فەرماندەیەی هەپەگە گوتی " ئێمە سەرجەم گەریلاكانمان ئاگادارکردوونەتەوە لەوەی ئێمە بۆ شەڕی داعش هاتووین نەك پێشمەرگە، هەروەها سەرۆک بارزانی ئەوەی بە هەموان گوتووە کە شەڕی براکوژی نەکرێ و فەرماندەی پێشمەرگەش هەن بە حەزەرەوە هەڵسوکەوت دەکەن".
لەبارەی پەیوەندییەکانی پەكەکە و پارتیش گوتی " دەرفەتی زۆر بۆ كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان هاتوونەتە پێشەوە و پێویستە سوودیان لێوەربگرین، لەگەڵ پارتی لە خوارەوە و لەسەر ئاستی نزم پەیوەندیمان هەیە و کۆبوونەوەمان کردووە، بەڵام پێیان دەگوتین دەبێ چالاکیتان سنوورداربێ".
لەبارەی ئەوەی شنگال دەبێتە ئەلتەرناتیڤی قەندیل؟ فەرماندەی گشتیی هەپەگە لە شنگال گوتی " ئەوە راست نییەو قسەی عوسمان ئۆجەلانە و شتی وا نییە".


