رووداو- شنگال
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، ئەمڕۆ هەینی 13-1-2015، لە شنگالەوە پەیامێكی پێشكەشكرد و مژدەی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگالی بە خەڵكی كوردستان راگەیاند. لەبارەی سەركەوتنی پێشمەرگە رایگەیاند، كە داستانێكی مەزنیان تۆماركردووە و گوتی " بەڵێنماندا و بەڵێنی خۆمان جێبەجێكرد".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی سەركەوتنی پێشمەرگە پیرۆزبایی لە هەموو خەڵكی كوردستان و بەتایبەت كوردانی ئێزدی و خانەوادەی شەهیدان كرد و، دەستخۆشیی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد. بارزانی رایگەیاند كە لەم رۆژە مێژووییەدا داستانێكی مەزن لەسەر دەستی پێشمەرگە و بەخوێنی ژمارەیەك پێشمەرگەی قارەمان تۆماركراوە، جەختیشیكردەوە كە كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لەلایەن پێشمەرگەوە پەیامێكە بۆ هەمووان.
بارزانی هەروەها گوتی "خوشك و برایانی ئێزدی بەتەنها نین و هەموو گەلی كوردستان پشتوپەنای ئەوانە، ئەوەش سەلمێنرا كە ئێزدی بەشێكی رەسەنن لە گەلی كوردستان و ئەمڕۆ تۆڵەی هەموو خوشك و برایانی ئێزدیمان كردەوە". لە پەیامەكەیدا سوپاسی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان و دەزگاكانی راگەیاندنیشی كرد، جەختیشیكردەوە كە پشتیوانی هاوپەیمانان لە شەڕەكەدا زۆر كاریگەربوو، هیوای چاكبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.
بارزانی دەڤەری شنگالی بە شوێنێكی زۆر ستراتیژی پێناسەكرد و گوتی " شنگال زۆر گرنگە و بووە هێمای مەزڵومیەتی گەلی كورد، گرنگییەكەی ئەوەیە، ئەمە دەرسێك بوو بۆ دووژمنان، ئەگەر هەر شارێكی دیكە بگرن یان تەحەدا لە كورد بكەن، بە سەد قات تۆڵەیان لێدەكەینەوە، كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال پەیامێك بۆ هەمووان بۆئەوەی جارێكی دیكە بیرنەكەنەوە زوڵم لە گەلی كورد بكەن".
لەوەڵامی پرسیارێكی هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، كە چەند هێز و لایەن لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال بەشداربوونە ؟ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی " پێشمەرگە بەتەنها شنگالی كۆنترۆڵكردەوە و هیچ هێزێكی دیكە بەشدارنەبوو، جگە لە ئاڵای كوردستانیش رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای هیچ لایەنێكی دیكە نادەین".
سەبارەت بەوەی پێویستیان بە چ جۆرە هاوكارییەكە یان چ داواكارییەكیان لە هاویمانان هەیە ؟ سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی "شەڕی داعش شەڕی هەموو لایەكە، بۆیە هەموومان پێویستمان بە هاوكاری یەكدی هەیە، تاوەكو داعش تەواونەبێت ئەم شەڕە بەردەوامدەبێت، هاوكاری هاوپەیمانانیش لەم شەڕە زۆر كاریگەربوو".
سەبارەت بە پلانی داهاتوو بۆ شنگال، بارزانی رایگەیاند كە بۆئەویە خزمەتێكی باشتری ئەو دەڤەرە بكرێت، هەوڵدەدەن شنگال ببێتە پارێزگایەك لە باشووری كوردستان، بەڵام ئەوە پێویستی بە هەماهەنگی نێوان حكومەنی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند هەیە، تاوەكو ئەم هەماهەنگییەش دەكرێت درێخی ناكەین. بە جەختكردنەوە گوتیشی " شنگال بەخوێنی پێشمەرگە رزگاركرا و بەهەموو شێوەیەك سەر بە كوردستانە".
هەروەها داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، حكومەتی عێراق و رێكخراوەكان و وڵاتانی دەوروبەر كرد بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال هیمەتێك بكەن.
لەبارەی عەرەبەكانی ناوچەكەش كە لەداهاتوودا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن ؟ بارزانی گوتی " ئەو عەرەبانەی لە ناوچەكەن ئەگەر تاوانیان بەرامبەر برایانی ئێزدی ئەنجام نەدابێت و هاوكاری داعشیان نەكردبێت، برای ئێمەن و ئەوانیش دەپارێزین، بەڵام ئەگەر دەستیان بە خوێنی كورد و برایانی ئێزدی سووربێت، ئەوانیش چارەنووسیان وەكو داعش دەبێت". پێش داگیركردنی شنگال لەلایەن داعش 10% ی دانیشتووانی ناوچەكە عەرەب بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ