پێشمەرگەو سوپای عێراق دەیانەوێت داعش لە گەرمیان بخنكێنن

12-08-2014
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
رووداو
رووداو
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو- هەولێر

هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەیانەوێت گرووپی داعش لە گەرمیان بخنكێنن و هەموو پەیوەندییەكیان لەگەڵ حەویجە و ناوچەكانی دیكە بچڕێنن.

حەمەسوور دووشیوانی، بەرپرسی میحوەری قه‌زای داقوق و خورماتوو بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت ''ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی عێراق مۆڵگەكانی چەكدارانی داعش لە گونده‌كانی (وەحده‌، سەعد و خالید) كه‌ گوندی عەرەبنشینن و ‌له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی  داعشدان بە چڕی بۆردوومانكردوون‌، بە پێی زانیارییەکانمان 5 کوژراو 8 بریندارییان هەیە''.

سەبارەت بە خۆئامادەکردن و جموجۆڵی چەکدارانی داعش دووشیوانی گوتی: ''دوو رۆژە جموجۆڵیان زیادیکردووە و رەبیە دروستدەکەن و هێز کۆدەکەنەوە، ئێمە لەهەر جووڵەیەکیان سەرووی خۆمان ئاگاداردەکەینەوە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزی ئاسمانی عێراقى هەیە، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک خۆمان ئامادەکردووە و هێزێکی زۆرمان لەگەڵەو هیچ کەموکوڕییەکمان نییە''.

بەر لە دوو رۆژ سوپای عێراق دەشت و رێگەی عوزێمی گرتەوەو زۆر بە سستی بەرەو سلێمان بەگ دێت، چونکە چەکدارانی داعش زۆربەی ئەو رێگە سەرەکییانەیان بۆمبڕێژکردوون، بەمەبەستی رێگەگرتن لە پێشڕەویکردنی ئەو سوپایە. دووشیوانی دەڵێت ''ئەگەر سوپای عێراق سلێمان بەگ کۆنترۆڵ بکات، ئەوا داعش لە گەرمیان دەخنکێت و هیچ چارەیەکیان نامێنێت و بە تەواوەتی دادەبڕێن لە حەویجە و ناوچەکانی دیکە، ئەوکات لە جەلەولاو سەعدیە و حەوزی حەمرین تیادەچن''.

بەهۆی کۆنترۆڵکردنی ناحیەی سلێمان بەگ و ناوچەکانی عوزێم زیاتر لە مانگێکە پەیوەندییە ئیدارییەکانی نێوان کەرکووک و خورماتوو بە حکومەتی ناوەندییەوە پچڕاون و دوو رۆژیشە شەڕێكی گەرم لە ناحیەی جەلەولا لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانى داعش دەستیپێكردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە