رووداو- هەولێر
لە کاتی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکانی سەر چیای شنگال هەلیكۆپتەرێكی گواستنەوەی هاوکاری لەسەر زنجیرە چیای شنگال بەهۆی لەدەستدانی هاوسەنگییەوە دەکەوێتە خوارەوە.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ''ئەمڕۆ هەلیكۆپتەرێكی گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری بۆ ئاوارەکانی چیای شنگال هاوسەنگی لەدەستداوەو کەوتووەتە خوارەوە''.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: ''هەلیكۆپتەرەكە هەریەک لە ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری عێراق و یادگار فازڵ میرانی و 20 ئاوارەی ئێزدی چیای شنگالی هەڵگرتبوون''. سەرچاوەکە رایگەیاند ''فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستداوەو سەرجەم سەرنشینەکانی دیکەش برینداربوونە''.
هەروەها قاسم عەتا، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند: ''هەلیكۆپتەرەكە لە جۆری می 17یەو لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی مرۆیی و بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە''.
ئاشتی كۆچەر، كە یەكێكە لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لەسەر چیای شنگال بۆ رووداو گوتی، سەرجەم بریندارەكان بە هەلیكۆپتەرێكی دیكە گواسترانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ