رووداو ـ واشنتون پۆست
هاوسەرۆکی پەیەدە لە بارەی راگەیاندراوی بارزانی، کە گوتبووی هەر كاتێك بارزانی لەراستیی راپۆڕتەكانی كوشتنی بەكۆمەڵی كوردانی سووریا دڵنیابووەوە، هێزی پێشمەرگە رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەكات، دەڵێت:" پێمانوایە كوردانی رۆژئاوای كوردستان توانایان هەیە بەرگری لەخۆیان بكەن".
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) رایگەیاند"هەر كاتێك بارزانی لەراستیی راپۆڕتەكانی كوشتنی بەكۆمەڵی كوردانی سووریا دڵنیابووەوە، ئەوە هێزی پێشمەرگە رەوانەی كوردستانی رۆژئاوا دەكات".
پێشتر پەیەدە هەوڵەكانی بارزانی بۆ هاوكاریكردنی شەڕوانانی كورد لە رۆژئاوای کوردستان رەتكردەوە و رێگاشی بەو شەڕوانانە نەدا بچنە ناو رۆژئاوای کوردستان، كە لەسەر دەستی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان مەشقیان پێكرابوو.
لەم بارەیەوە ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (PYD) دەڵێت"هەر كاتێك پێویستیمان بەهێزبوو بۆ پاراستنی گەل، ئەوە رێگە بە هێزەكانی پێشمەرگە دەدرێ بێنە ناو سووریا".
ساڵح موسلیم دەشڵێت:"تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەمبارەیەوە نەكراوە و پێشمانوایە كوردانی رۆژئاوای كوردستان توانایان هەیە بەرگری لەخۆیان بكەن".
هاوكات سەرچاوەیەكی نزیك لە نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت رایگەیاند "تاوەكو ئێستا لەمبارەیەوە هیچ هەڵوێستێكی فەرمی عێراق نیشان نەدراوە، چونكە تێكەڵییەك هەیە لە كاروباری سووریا، بۆیە مالیكی بێدەنگی پاراستووە، بەتایبەتی كاتێك كوردەكان داوایانكرد لەریزی گرووپە چەكدارەكان نەجەنگن بەتایبەتیش رێكخراوی قاعیدە، كە ئێستا كوردی كردووەتە ئامانج".
سەرچاوەكە راشیگەیاندووە "هێشتا میكانیزمی هاوكاریكردنی بارزانی روون نییە، ئەوەی پەیوەندیشی بە سیاسەتی دەرەوە هەیە، ئەوە بەپێی دەستوور كاری حكومەتی فیدڕاڵییە، هەر قسەیەكی دیكەی تایبەت بەو پرسە دەبێت بەپێی دەستووربێت و یەكهەڵوێست بێت لەگەڵ دەوڵەتی عێراق.



