رووداو- هەولێر
وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوە لەبارەی سوڕانەوەی دوو فڕۆکەی جەنگی دەدات کە ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئاسمانی شاری هەولێر سوڕانەوە.
عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ( تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەو دوو فڕۆکەیەی کە ئێوارەی ئەمڕۆ بەسەر ئاسمانی هەولێر سوڕاونەتەوە، بەهیچ شێوەیەک عێراقی نەبوون و هاونیشتمانیان لەمە دڵنیادەکەینەوە.
هەڵگورد حیکمەت زیاتر روونیکردەوە كە ئەو فڕۆکانە ئەمریکی بوون و بۆ چاودێرکردنی بارودۆخی ناوچەکە بە ئاسمان سوڕاونەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتننامەیەی کە ئەمەریکییەکان لەگەڵ عێراق هەیانە.
هەروەها سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ (رووداو) ئەو زانیارییانەی پیشتڕاستکردنەوە و رایگەیاند، دوو فڕۆکەی جەنگی بە بەرزایی 15 هەزار پێ بە ئاسمانی هەولێر سوڕانەتەوە کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی فڕۆکەخانەدا بووە.


