رووداو - هەولێر
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دوورخستەوە.
بەپێی نووسراوێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە 12-6-2017 دەرچووە و دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بەبڕیاری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاڵا تاڵەبانی، لە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دوورخراوەتەوە.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە 29-5-2017 بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسول جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاردرا بە "ئیعفاکردنی" ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی سەرکردایەتی و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (ئافاق)ی سەر بە نووری مالیكی رایگەیاندبوو: خەڵک دەڵێن بەنی تاڵەبانی لە بنەڕەتدا سەر بە بەنی ئەسەدن کە یەکێک لە ھۆزە گەورەکانی شیعەی عێراق، بەشێک لە پەرلەمانتارانیش لە عەشیرەتی ئەسەدین و، بە من دەڵێن ئامۆزاکەمان.
لە بەرامبەردا سکرتاریەتی مام جەلال لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند "ئەو دەربڕینە تەنھا ناوبراو لێی بەرپرسیارە و روانینێکی بێ بیرکردنەوەیە، ھەموو کەسێکیش دەزانێ تاڵەبانییەکان زەنگەنەن".
ئاڵا تەحسین تاڵەبانی
ساڵی 1966 لە کەرکووک لەدایک بووە
دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی کەرکووک 1986
ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵی 1987
ئەندامی سکرتاریەتی (ی.ژ.ک) لە ساڵی 1991- 2004
لە ساڵی 2005ـوە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە
سەرۆکی فراکسیۆنی ی.ن.ک لە پەرلەمانی عێراق
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ