رووداو- جەلەولا
دوای کشانەوەی سوپای عێراق لە خاڵەکانی پشکنین لە دەروازەی جەلەولا، ئێستا تەواوی شارەدێکە لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە و ئاسایشدایە.
رائید پشتیوان، بەڕێوەبەری ئاسایشی جەلەولا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای کشانەوەی سوپای عێراق لە خاڵەکانی پشکنین لە دەروازەی جەلەولا، هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەروازەکەیان دا، بەڵام هێزێکی سواتی سەر بە مەکتەبی سەرۆکوەزیرانی عێراق وستیان رێگەمان لێبگرن، بۆیە شەڕە تەقە لەنێوانماندا روویدا".
رائید پشتیوان گوتیشی "ئێستا شەڕەکە کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی سوات کشاونەتەوە و تەواوی شارەدێکە لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشدایە".
بەڕێوەبەری ئاسایشی جەلەولا راشیگەیاند کە "چەکدارانی داعش لە گوندی عەرەبنشینەکانی سەر بە جەلەولا هەن، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نزیکی سەنتەری جەلەولا نەبوونەتەوە و دۆخی شارەدێکە لەژێر کۆنترۆڵدایەو دەتوانین بەرگری لێبکەین".
ئەمە لەکاتێکدایە چەکدارانی داعش شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەواو چەند ناوچەیەکی دەورووبەریان بە یەکجاری کۆنترۆڵ کردووە، جگە لە کۆنترۆڵکردنی سەنتەری پارێزگای سەلاحەددین و چەند ناوچەیەکی پارێزگاکەو چەند ناوچەیەکی پارێزگای کەرکووک.



