رووداو- کەرکووک
جێگری وەزیری پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دەوروبەری کەرکووک تاڵانی کردبێت.
ئەنوەر حاجی عوسمان، کە لە سەنگەری پێشەوەی پێشمەرگە لە دەوروبەری کەرکووک قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکرد، هەواڵی میدیا عەرەبییەکانی رەتکردەوە کە گوتبوویان "پێشمەرگە لە دەوروبەری کەرکووک خەریکی تاڵانە" و رایگەیاند: "ئەمە نەک هەر راست نییە بەڵکو درۆیەکی گەورەشە. پێشمەرگە لە سەنگەردایە و هەروا پێشڕەویش دەکەین بۆ پاراستنی هاونیشتمانیانمان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
جێگری وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی بۆ رووداو گوت کە "ئەمڕۆ لە میحوەری تللوەرد تەقە هەبوو و ناوچەکە بەتەواوەتی کۆنترۆڵکراوە. ئێستا ئێمە پەنجا کیلۆمەتر لەولای کەرکووکەوەین".




