رووداو-هەولێر
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان دەڵێت، "هەموو ناوچە كوردستانییەكانمان كۆنتڕۆڵكردووە و وەزیری پێشمەرگەش لە تەندروستی تەواودایە".
میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویانكردەوە، كە ئەمڕۆ "بۆمبێكی چێنراو بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی وەزیری پێشمەرگە لە ناوچەكانی خوارووی كەركووك، كە بۆ بەسەركردنەوەی ئەو پێشمەرگانەی لەو سنوورە جێگیركراون رۆیشتبوو، تەقییەوە و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك شەهیدبوو."
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەوەی بۆ وەزیری پێشمەرگە روویداوە هیچ نەبووە و وەزیری پێشمەرگە سەلامەتە و هیچ مەترسییەك نەبووە بۆی."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ئەوەشی گوت، كە "لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و دۆخەكە لە كۆنترۆڵی خۆماندایە".
فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەشكرد، كە هیچ ناوچەیەك نەماوە لە كۆنترۆڵی پێشمەرگەدا نەبێت و رایگەیاند، "هەموو ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە ژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە و هیچ ناوچەیەك نەماوە دەستمان بەسەریدا نەگرتبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ