رووداو- هەولێر پاش هەڵوەشاندنەوەی لیستی كەركووكی كوردستانی، ئەو سێ لایەنەی لە كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئۆپۆزیسیۆن بوون، پێكەوە لیستی "كوردانی كەركووك" پێكدەهێنن. سەمیر سەلیم، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند: "پاش ئەوەی پارتی و یەكێتی یەك لیستییەكەیان تێكدا و بوونە هۆكاری ئەوەی لیستی كەركووكی كوردستانی هەڵبوەشێتەوە، ئێمە بڕیارماندا یەكگرتوو، كۆمەڵ و گۆڕان بە یەك لیست دابەزین." بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان گوتیشی: "شەوی رابردوو هەر سێ دەزگای هەڵبژاردنی ئەم سێ حیزبە پێكەوە كۆبووینەوە و بڕیارماندا لەژێر لیستی (كوردانی كەركووك) بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بكەین". سەمیر سەلیم ئاماژەی بەوەكرد: "ئەو یەكلیستییە بەستراوە بە بڕیاری كۆمیسیۆن كە بزانین نابێتە رێگر لەوەی كە پێكەوە بەشداربین، بە هۆكاری ئەوەی بڵێن كە ماوەكەی تەواو بووە و لە كاتی لە دەستچوودا ئەو بڕیارەتان داوە، ئەوە ئیتر ناتوانین بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەین". سیروان ئەحمەد، ئەندامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە(رووداو)ی راگەیاند:"كۆمیسیۆن بڕیاریداوە ماوەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانییەكانی نێوان قەوارە سیاسییەكان، كە لە 20ی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستیپێكرد و دوێنێ سێشەممە كۆتاییهات، درێژنەكاتەوە". هەروەها حەسەن سەلمان، سەرۆكی هۆبەی قەوارە سیاسییەكان لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند:"دوای كۆتاییهاتنی وادەی دیاریكراو بۆ تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانی نێوان قەوارە سیاسییەكان تەنها شەش هاوپەیمانی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەیەك لیست ناویان تۆماركردووە". لە رۆژی دووشەممە 9-12-2013 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان رایانگەیاند، بە یەك لیست و لە ژێر ناوی "كەركووكی كوردستانی" بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەكەن، بەڵام پاش 24 كاژێر پارتی دیموكراتی كوردستان پاشەكشەی خۆی راگەیاند بە هۆی ئەوەی رازی نەبوون نەجمەدین كەریم، پارێزگاری شارەكە لەسەر پشكی یەكێتی بكرێتە سەرۆكی ئەو لیستە و لیستەكە هەڵوەشێنرایەوە. سەڵاح دەلۆ، بەرپرسی سەركردایەتی پارتی لە كەركووك بۆ (رووداو) گوتی "بەهۆی تێبینییەكانمان لەسەر پێكهێنانی ئەو لیستە بڕیاری كشانەوەمان داو بە یەك لیست بە ناوی (كەركووكی پارتی دیموكراتی كوردستان) بەشداری هەڵبژاردن دەكەین".
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست31-10-2026سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل: پێویستە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان بکەین
تەندروستی31-10-2026زانکۆی کینگستۆن: جۆرە نوێیەکانی حەبی هەستیاری کەمترین کاریگەرییان لەسەر مێشک و هۆشیاری هەیە
تەندروستی31-10-2026پسپۆڕانی هەرس و جگەر: هەندێک حاڵەت و چارەسەر بۆ نەخۆشانی هەوکردنی ریخۆڵە زیان بە گورچیلە دەگەیەنن