رووداو- هەولێر
نووسینگەی راگەیاندنی بەرهەم ساڵح، جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان، رەتیدەکاتەوە لێدوانی بۆ ئاژانسێکی تورکی دابێت لەسەر مانەوەی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی بەرهەم ساڵح دوای ئەوە هاتووە کە ماڵپەڕێکی عێراقی لەسەرزاری ئاژانسێکی هەواڵی تورکیاوە، گواستوویەتییەوە کە بەرهەم ساڵح پشتیوانی خۆی دەربڕیوە بۆ مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپێناو یەکڕیزی کوردستان.
نووسینگەی بەرهەم ساڵح ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت" بەڕێز د.بەرهەم ساڵح هیچ چاوپێكەوتن و لێدوانێكی نەبۆ ئاژانسی جیهان و نە هیچ دەزگایەكی دیکە نەداوەو ئەوەی لەو هەواڵەدا هاتووە سەرتاپای درۆو هەڵبەستراوەو ناوەڕۆكی ئەو هەواڵە هەڵبەستراوەو دورو نزیك پەیوەندی بە د. بەرهەم ساڵح -ەوە نییە".
هەر لەو هەواڵەدا چەندین لێدوانی جیاواز لەسەر زاری دکتۆر بەرهەم ساڵح دەربارەی پرسە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاتووە .
پێشتر دکتۆر بەرهەم ساڵح پرۆژەیەکی بۆ چارەسەری قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خستبووەڕوو و لەلایەن هەندێک لایەنەوە بە پشتیوانی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی لێکدرایەوە، بەڵام دکتۆر بەرهەم ئەو لێکدانەوەیەی رەتکردەوە.



