رووداو - کەرکووک
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی پێشمەرگە لە باشووری كەركووك، هێرشێکی بەرفرانیان لە چوار قۆڵەوە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی 13 گوند دەستپێكرد، ئۆپەراسیۆنەكەش بە کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم گوندەكان كۆتاییهات. محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت پێشمەرگە تەنها 16 كیلۆمەتری ماوە بگاتە حەمرین.
محەممەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وسەرپەرشتیاری میحوەری پێشمەرگە لە كەركووك، لەدوای برینداربوونی سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆی کەرکووک بۆ رووداو قسەی کردو گوتی:" ئێمە پێشتر بەرنامەیەکی پێشوەختمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانان دانابوو، کاژێر 4 ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستمان بە ئۆپەراسیۆنەکە کرد و لەلای گوندی سەبعەنیسان دەستمان بە ئۆپەراسیۆن کرد".
کاکە حەمە ئاماژەی بە نەبەردی و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە كرد و گوتی " ئێمە بە ورەیەکی زۆرەوە لەگەڵ برایانی پێشمەرگە توانیمان تا کاژێر 10:30 تەواوی گوندەکان کۆنترۆڵ بکەینەوە و لە چەکدارانی داعش پاکیان بکەینەوە، ئێستا سەرجەم گوندەکان گەڕاونەتەوە دەست هێزی پێشمەرگە و کۆی ئەو رووبەرەی دەست پێشمەرگە کەوتووەتەوە نزیکەی 200 کیلۆمەتر چوارگۆشەی دەبێت ".
کاکە حەمە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی بە سەرکەوتنێکی مەزن وەسفکرد و گوتی:" هەرچەندە ئێمە قوربانی و بریندارمان داوە، بەڵام بێگوومان هەموو شەڕێک قوربانی دەوێت". جەختیشیكردەوە كە تەنها 16 كیلۆمەتریان ماون بگەنە چیای حەمرین.
نێوبراو ساتەوەختی برینداربوونی بۆ رووداو باسکرد و گوتی:" دوای ئەوەی گوندەکانی ( سەبعەنیسان، ئەبو محەممەد، شوکر جیران، رەبیعە، زەردگلا، مسەوەت، البونەسر، ئەبو یوسف، تەپەدووسەر و ساڵح حەسەن) و چەند گوندێکی دیکە کە بەشێک بوون لەو گوندانەی کە ئازادکران من بریندارکرام".
دوای ئۆپەراسیۆنەكە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك ئەنجامداو و هەواڵی تەندروستی لێپرسی.
لەبەرامەریشدا محەممەدی حاجی مەحموود گوتی:" سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی پێوەکردم و بە پەرۆش و نیگەرانییەوە لە تەندروستی من و سەرجەم پێشمەرگەکانی پرسی و پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە کەس و کاری شەهیدانکرد ".
سكرتێری حیزبی سۆسیالیست باسی لە زیانەکانی داعش و رۆڵی هاوپەیمانان کردو گوتی:" چەکدارانی داعش نەیانتوانی مقاوەمەی ئێمە بکەن و ئێمە بەتووندی بەربەرچی ئەوانمان دایەوە و ژمارەیەک چەکداری داعش لەو شەڕەدا کوژران، گوتیشی:" فڕۆکەکەکانی هاوپەیمانی فەرەنسا رۆڵێکی گرنگیان لەو شەڕەی ئەمڕۆدا بینی".
لەکاتی چاوپێکەوتنەکەشدا خوێن بەروونی بە جلەکانی کاکە حەمەوە دیاربوو




