رووداو- هەولێر
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك ئەنجامدەدات و هەواڵی تەندروستی دەپرسێت.
محەممەدی حاجی مەحموود لە هێرشەكەی ئەمڕۆی پێشمەرگەدا بۆ سەر ژمارەیەك گوندی باشووری كەركووك، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لەگەڵ 7 پێشمەرگەی حیزبەكەی برینداربوو، یەكێك لە پێشمەرگەكانیش بەهۆی سەختی برینەكەی شەهیدبوو.
ماڵەپەڕی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان راگەیێندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەڕێی تەلەفۆنەوە بەمەبەستی ئاگاداربوون و تەئكیدكردنەوە لە تەندروستیی محەمەد حاجی مەحموود، پەیوەندی بە نێوبراوەوە كردووە.
لە پەیوەندییەكەدا بارزانی سوپاسی سەرپەرشتیاری میحوەری كەركووك، فەرماندەكان و پێشمەرگەكانی كردووە و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، سەرەخۆشیشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئۆپەراسیۆنەكە كردووە.
لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئەمڕۆی پێشمەرگەد 13 گوند بە رووبەری 150 كیلۆمەتر چوارگۆشە كۆنترۆڵكرانەوە، 8 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 20 ی دیكەش برینداربوون. بەگوتەی فەرماندەكانی پێشمەرگەش دەیان چەكداری داعش كوژراون.


