رووداو- كەركووك
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی پێشمەرگە لە باشووری كەركووك هێرشێکی بەرفرانیان لە چوار قۆڵەوە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی 13 گوند دەستپێكرد، نیوەڕۆش ئۆپەراسیۆنەكە بە کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم گوندەكان كۆتاییهات.
ئەنوەر حاجی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ئەم پلانەی ئەمڕۆ، تەواوکەری پلانەکانی رابردوو بوو، توانرا زۆر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت و 13 گوند لە سنووری کەرکووک کۆنترۆڵبکرێنەوە". سنووری ئەو گوندانە 150 كیلۆمەتر چوارگۆشەبوو و كاكەییەكان لێی نیشتەجێن.
ئەنوەری حاجی عوسمان گوتیشی " لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەیان چەکداری داعش کوژراون و زۆربەی تەرمەکانیش كەوتوونەتە ژێر خانووە رووخاوەکانی گوندەکان". جەختیشیكردەوە كە ئیدی مەترسی لەسەر كاكەییەكانی سنووری كەركووك نەماوە.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش دا، کە بەشێکی زۆر لە خەڵکی گوندە عەرەبنشینەکان لەژێر دەستی داعش هەڵاتوون و خۆیان رادەستی پێشمەرگە کردووە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەكانی پێشمەرگە، هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەکانی شەڕ رایگەیاند، كە لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا 8 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 20 پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.
هەر ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراودا محەممەدی حاجی مەحموود و 15 پێشمەرگە و بەرپرسی حیزبی سۆسیالیست برینداربوون، یەکێک لە پێشمەرگەکانیش شەهیدبوو.


