رووداو- كەركووك
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی پێشمەرگە لە باشووری كەركووك، هێرشێکی بەرفرانیان لە چوار قۆڵەوە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی 13 گوند دەستپێكرد، ئۆپەراسیۆنەكەش بە کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم گوندەكان كۆتاییهات.
عەبدوڵڵا بۆر، فەرماندەی میحوەری خورماتووی هێزی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە هێزی پێشمەرگە بە سەرکەوتوویی پلانەکانیان جێبەجێکردووە و توانیویانە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵبکەنەوە کە کوردستانین و لەژێر دەستی داعشدا بوون.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرەکانی شەڕ رایگەیاند، كە لە هێرشەكەی ئەمڕۆدا 8 پێشمەرگە شەهید و زیاتر لە 20 پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.
هەر ئەمڕۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراودا محەممەدی حاجی مەحموود و 15 پێشمەرگە و بەرپرسی حیزبی سۆسیالیست برینداربوون و یەکێک لە پێشمەرگەکانیش شەهیدبوو.
بەپێی گوتەی ئەنوەر حاجی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رووداو، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەیان چەکداری داعش کوژراون و زۆربەی تەرمەکانیش كەوتوونەتە ژێر خانووە رووخاوەکانی گوندەکانەوە.
فەرهاد تۆفیق، ئەندامی سەرکردایەتی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەو پێشمەرگەیەی شەهیدبووە ناوی شەوکەت محەممەد-ەو، دانیشتووی شارۆچکەی کەلار بووە.


