رووداو-هەولێر
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت کە ئەو و وەزیرە کوردەکانی دیکە بڕیاریانداوە حکومەتی ئێستای عێراق بایکۆت بکەن.
هۆشیار زێباری لە شاری هەولێر-ی باشووری کوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کورد بە یەک هەڵوێست بڕیاری بایکۆتکردنی حکومەتی عێراقیدا"، بەگوتەی زێباری دانانی وەزیرانی بە وەکالەتیش لەجێگەی وەزیرانی کورد لەلایەن نووری مالیکییەوە، بۆ کورد "هیچ گرنگییەکی نییە". چونکە، وەک وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: "ئێمە دەستپێشخەربووین و بایکۆتی ئەو حکومەتەمان کردووە".
هۆشیار زێباری ئەوەشی راگەیاند کە "دەستنیشانکردنی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی کاربەرێکەری عێراق بۆ کاروباری وزە، وەکو وەزیری دەرەوەی عێراق بە وەکالەت، دوای بڕیاری ئێمە هات کە حکومەتی بەغدامان بایکۆتکرد". لەکاتی سەردانی شاندێکی میسری بۆ بەغدا، حوسێن شەهرستانی لەجیاتی هۆشیار زێباری، وەکو وەزیری دەرەوە پێشوازیی لە شاندەکە کرد.
دەربارەی هۆکاری بایکۆتی بەغداش لەلایەن وەزیرانی کوردەوە، هۆشیار زێباری بە رووداوی گوت: "ئەم هەنگاوەمان لە وەڵامی تۆمەتەکانی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی کاربەرێکەری عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان بوو کە تێیدا گوتی هەولێر بووەتە مۆڵگەی تیرۆریستان و داعش و هاوپەیمانەکانیان".
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە "نووری مالیکی، وەزیری پەروەردەی عێراقی وەکو وەزیری بازرگانی بە وەکالەت دەستنیشانکردووە و لەجیاتی دکتۆر خەیروڵڵا حەسەن، وەزیری بازرگانی عێراق، دایناوە".
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، د. رۆژ نووری شاوەیس، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری، لەگەڵ وەزیرانی دیکەی کورد لە بەغدا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند کە چیدیکە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ئامادەنابن. ئەم هەڵوێستەشیان تەنیا ئەوکاتە دەگۆڕن کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیان پێبکات بگەڕێنەوە بۆ ئەو کۆبوونەوانە.



