نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مالیکی رێنەکەووتووە

11-06-2014
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی نووری مالیكی
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەفین دزەیی رەتیدەكاتەوە نێچیرڤان بارزانی و نووری مالیكی رێككەوتبن لەسەر ئەوەی عیراق رێگە بدات هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، له بەرامبەردا هێزەكانی پێشمەر‌گە لە مووسل شەڕی چەكدارانی داعش بكەن

ئاژانسی دەنگوباسی "رۆژی هەشتەم" ـ الیوم الپامن ـ بڵاوی كردووەتەوە و هەندێ لە دەزگاكانی دیكەی راگەیاندیش گواستوویانەتەوە گوایە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتیی ئەمەریكا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی عیراق رێگە بدات هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، له بەرامبەردا هێزەكانی پێشمەر‌گە لە مووسل شەڕی چەكدارانی داعش بكەن. ‌

سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا سەرلەبەری ئەم هەواڵە بە درۆدەخاتەوە و رایدەگەیەنێ "ئەم هەواڵە تەواو دروستكراوە و لە هەموو راستییەكەوە دوورە و هیچ بنەمایەكی نییە".

دزەیی دووپاتیدەكاتەوە‌ "حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەر‌گە پابەندن‌ بە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێمی كوردستان، بە هەموو شێوەیەكیش بەرگرییان لێ دەكەن و لە هیچ شوێنێك رێگە نادەن بكرێنە ئامانج و بكەونە ژێر هەڕەشەوه"‌.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە