رووداو- هەولێر
کەناڵی CNN international ی ئەمریکی وڵامی نامەیەکی ناڕەزایی دەداتەوە سەبارەت بە نیشاندانی نەخشەی کوردستانی گەورە و تێیدا نووسیویەتی: "هەڵەمان نەکردووە لەناوهێنانی کوردستان، مەبەستمان لە نەخشەکە جوگرافیای ئەو شوێنانە بوو کە کوردی تێدادەژی".
دەستەی هەماهەنگی تورکی - ئەمریکی ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەرامبەر نیشاندانی نەخشەی کوردستانی گەورە لە کەناڵی CNN و بە گوتەی ئەوان "بەپێی نەخشەکە بەشێک لە خاکی تورکیاش بەسەر کوردستان دابڕاوە". بەڵام کەناڵەکە دەڵێن "هەڵەمان نەکردووە".
ئێلیسۆن گۆلوست، بەرپرسی پەیوەندییەکانی خەڵک لە CNN گوتی کە کەسێک بەناوی عەلی چنار، لە سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سەرۆکایەتیی وەزیرانی تورکیا نامەیەکی بۆ بەشی پەیوەندییەکانی خەڵک ناردووە ، لە وڵامدا گۆلوست نووسیویەتی : "ئەو نەخشەیە گوزارشتە لەو جوگرافیایەی کە کوردی تێدادەژین و بەو مەبەستە بەکارهاتووە".
لە نامەکەی عەلی چناردا هاتووە" تا ئەو کاتەی CNN داوای لێبوردن دەکات لە هەوڵەکانمان ناوەستین" هەروەها دەنووسێت " CNN هەڵەکەی خۆی قەبووڵ ناکات و بەردەوامە لەسەری، ئەمە لەگەڵ بنەماکانی کاری راگەیاندن ناگونجێ، بۆ نموونە؛ رێژەی ئەو کەسانەی لە ویلایەتەکانی تێکساس و فلۆریدا رەسەنیان لاتینە دەگاتە سەرووی سەدا 90، دەکرێ ئەو جوگرافیایەی ئەمریکا وەک خاکی مەکسیک ناوبنێین؟ بەلایەنی کەمەوە دەکرێ بڵێین ئەو جوگرافیایەی زۆرینەی کوردە".
هەروەها بە گوتەی خۆی: "لە تورکیا بەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن ناگوترێ کوردستان، بۆیە پێمانوایە ئەو پەخشەی CNN مەبەستێکی لەپشتەوەیە".



