رووداو-دهۆک
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە چیای شنگال، دوای هەفتەیەک مانەوە و گیرخواردن لەو چیایە، لەگەڵ دوو منداڵی رزگاریان بوو. بەرەکات عیسا هێشتا هاوسەرەکەی و منداڵەکانی دیکەی و کەسوکاری لە چیای شنگال ماون. کاژێر دووی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بەرەکات گەیشتە دهۆک و بەشداریی لە رووماڵی راستەوخۆی تەلەڤزیۆن و رادیۆی رووداودا کرد. لەمیانەی بەشداریکردنەکەیدا بەرەکات بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە وردەکارییەکانی ئەو تراژیدیایەی بۆ بینەران و بیسەرانی رووداو گێڕایەوە کە بەسەر ئەو و کوردانی ئێزدی و موسڵمان و کریستیانەکانی سەر چیای شنگال هاتووە.
بەگوتەی بەرەکات هێشتا ئەو ئاوارانەی لە چیای شنگال ماونەتەوە ژمارەیان زۆرە و رەوشیشیان لەوپەڕی خراپیدایە. وەک ئەو گوتی “ئاو لە بەشی باشووری چیای شنگال نەماوە و خەڵك هەموو لە تینوێتییان روویان لە بەشی باکووری ئەو چیایە کردووە”. کاتێک بەرەکات چیرۆکەکانی چیای شنگالی دەگێڕایەوە، ئەو دوو منداڵەی کە رزگاریان بووە بە گریانەوە لە باوکیان دەڕوانی. بەرەکات، کە بەقورسی دەیتوانی قسە بکات، پارچە نانێکی لە باخەڵی دەرهێنا و گوتی “چەندین رۆژە ئەمە ئەو خۆراکەیە کە بەهۆیەوە زیندوو ماومەتەوە”.
ماوەی هەفتەیەکە دانیشتووانی شنگال و دەوروبەری لەترسی هێرشی چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بە کوردی ئێزدی و موسڵمان و کریستیانەکانەوە روویان لە چیای شنگال کردووە. بەهۆی نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان زۆر لە منداڵان و بەساڵاچووان لەو چیایە گیانیان لەدەستداوە. لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لەو ئاوارانە رزگارکراون و گەیشتوونەتە ناوچە ئارامەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە لە باشووری کوردستان و ژێر کۆنترۆڵی گەریلا لە رۆژئاوای کوردستان. بەڵام هێشتاش ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانە لە چیای شنگال ماونەتەوە و چاوەڕێی رزگارکردن دەکەن.




