بەبێ یەكێتی، بە دەنگدان هەوڵی دەركردنی پەكەكە لە شنگال دەدرێت

10-06-2016
سیروان عەباس
نیشانەکردن پەكەكە شنگال
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگ لەسەر دەركردنی گەریلاكانی پەكەكە لە سنووری شنگال دەدات، یەكێتیش دانیشتنەكە بایكۆت دەكات، بەرپرسێكی باڵای پەكەكەش دەڵێت بڕیارەكە هیچ بایەخ و گرنگییەکی نییە.

بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بە زۆرینەی دەنگ بڕیارمان لەسەر دەرکردنی گەریلاکانی پەکەکە داوە لە سنوورەکە، هۆکارەکەشی وەک کیکی گوتی:" پەکەکە بوونەتە مایەی نائارامی و دانیشتووانی ئەو ناوچانەی ژێردەستیان ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد، دوو هەفتە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال لە دەستی داعش، داوامان لە پەکەکە کرد لە شنگال بچنە دەرەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بنکەکانی پۆلیس، تەندروستی و چەند بارەگایەکی حکومی و قوتابخانەیان بەدەستەوەیە و چۆڵیان نەکردوون.

بەشار کیکی گوتیشی:" پەکەکە بە ئێمەیان راگەیاندووە، ئەوان فەرمان لە بەغدا وەردەگرن و ئامادەنین بە قسەی هیچ لایەنێک بکشێنەوە".

هاوکات عەگید جڤیان، بەرپرسی رێكخستنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان پەكەكەیە رایگەیاند، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەلای ئەوانەوە هیچ بایەخ و گرنگییەکی نییە .

داود جوندی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەنیەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، فراکسیۆنی یەکێتی دەنگی بە دەرکردنی پەکەکە نەداوە و کۆبوونەوەکەی جێهێشتووە، چونکە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدا باسکردنی پەکەکە نەهاتبوو.

داود جوندی گوتیشی:" ژمارەی گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری نەینەوا لە 30 گەریلا تێناپەڕێت، ئەوانی دیکە گەریلای یەکینەکانی بەرخودانی شنگال و یەکینەکانی پاراستنی ژنانی شنگال-ن، کە سەرجەمیان کوردی ئێزدین و خەڵکی ناوچەکەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە