رووداو- هەولێر
لە كاتی روبەروبونەوەیان لەگەڵ چەكدارانی داعش، بەشێك لە سەربازانی سوپای عێراقی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان رادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە و هەڵاتون.
عەمید مەغدید هەركی، فەرماندەی هێزی دووی سوپای پێنجی زێرەڤانی كە ئەركی پاراستنی ناوچە دابڕاوەكانی سنووری پارێزگای موسلیان پێ سپێردراوە، بە تۆڕی میدیایین رووداوی راگەیاند، "بەشێك لە سەربازانی سوپای عیراقی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان كە جۆری "هەمەر"ە، رادەستی پێشمەرگە كردووە و خۆیان هەڵاتون بۆ جێگای نادیار، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نەكرد كە رادەستیان كراوە".
عەمید مەغدید دەڵێت: بارودخی ناو موسڵ زۆر نالەبارە و دانیشتووانی ناو موسڵ ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە و روویان كردووەتە ناوچە كوردنشینەكان و قەرەباڵغییەكی زۆریان دروستكردووە و بەشێك لەو خەڵكە ناچارن لەسەر شەقامەكان بخەون، چونكە ئومێدیان بە ئەمنییەتی ناوچە كوردییەكان هەیە.
ئەو فەرماندەیەی هێزی دووی سوپای پێنجی زێرەڤانی گوتیشی: "هۆكاری زیاتر بەهێزبوونی چەكدارانی داعش دەگەرێتەوە بۆ بێهێزی سوپای عێراقی، " و دەشڵێت: "ئەو شەرەی نێوان داعش و سوپای عێراقی زیاتر لە دەوروتەسلیم دەچێت".


.jpg&w=3840&q=75)
