دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان "دانپێدانانی دەستگیرکراوانی نەوەی نوێ" بڵاودەکاتەوە

10-05-2019
رووداو @Rudawkurdish
"ئه‌م كه‌یسه‌، تایبه‌تمه‌ندی ھه‌یه‌ و سرووشتێكی ترسناكی ھه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌، به‌ ئادابی گشتی و ئه‌خلاقی گشتی و به‌ھا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه"
"ئه‌م كه‌یسه‌، تایبه‌تمه‌ندی ھه‌یه‌ و سرووشتێكی ترسناكی ھه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌، به‌ ئادابی گشتی و ئه‌خلاقی گشتی و به‌ھا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه"
نیشانەکردن ئاسایش نەوەی نوێ
A+ A-
رووداو-سلێمانی

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان "دانپێدانانی دەستگیرکراوانی نەوەی نوێ"ـی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،"ئه‌م كه‌یسه‌ ، تایبه‌تمه‌ندی ھه‌یه‌ و سرووشتێكی ترسناكی ھه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ئادابی گشتی و ئه‌خلاقی گشتی و به‌ھا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌".

هاوکات جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات "ماوەی 15 رۆژە ئاسایشی سلێمانی چەند خۆبەخشێکی نەوەی نوێی فڕاندوە و ناهێڵێت نە پارێزەر و نە هیچ کەس چاوی پێیان بکەوێت و بە پێی وتەی هەندێک سەرچاوە، لە زیندانی ئاسایشدا ئەشکەنجە دەدرێن و بێ بەشن لە بچوکترین مافی خۆیان وەک مرۆڤ".

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکە 

پاش ئەوەی ماوەی 15 رۆژە ئاسایشی سلێمانی چەند خۆبەخشێکی نەوەی نوێی فراندوە و ناهێڵێت نە پارێزەر و نە هیچ کەس چاوی پێیان بکەوێت و بە پێی گوتەی هەندێک سەرچاوە، لە زیندانی ئاسایشدا ئەشکەنجە دەدرێن و بێ بەشن لە بچوکترین مافی خۆیان وەک مرۆڤ.

ئەمڕۆ ئاسایشی یەکێتی لە سیناریۆیەکی قێزەونی چەندبارەدا، کۆمەڵێک گەنج و خۆبەخشی هێناوەتە سەر شاشەکانی تەلەفزیۆن و چەند قسەیەکی پێ بڵاوکردونەتەوە دوای 15 رۆژ لە زیندانیکردنیان.

ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ جگە لەوەی هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە کە ئەو وتانە و ئەو سیناریۆ قێزەونانەی "ئەمنی عامەی" سلێمانی دورن لە راستیەوە و سەرتاپای درۆی شاخدارن کە ئامانج لێی لێدانە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ و خودی سەرۆکی جوڵانەوەکە و لاوازکردنی ئەم هێزە ئۆپۆزسیۆنە ئازایەیە کە لە ماوەی رابردودا هەڵوێستی ئازایانە و رونی هەبووە و هەمیشە لە بەرەی هاوڵاتییاندا بووە.

بەڵام بە پێویستیشی دەزانین کە چەند راستیەک و سەرنجێک بۆ هاوڵاتییانی بەشەرەفی کوردستان بخەینەڕوو:

1- ئەم گەنجە بێ چەکانەی دەستگیرکراون ماوەی 15 رۆژە لە "ئەمنی عامەی"  سلێمانی دەستبەسەرن و کۆمپیوتەر و مۆبایل و هەموو کەلوپەلیان گیراوە، خێرە ئێستا دوای 15رۆژ تەنها کۆمەڵە وتەیەکیان بڵاودەکرێنەوە؟ ئەی 15 رۆژە بۆچی ئەم وتانەتان بڵاونەکردۆتەوە گەر ئێوە راست دەکەن و ئەگەر ئەوانە وتەی راستەقینەی دڵی ئەو خۆبەخشانەن؟

2 - ئەم دانپێدانانە تەنها دوو رۆژ دوای لێدوانی فەرمیی وتەبێژی دادگای سلێمانی دێت کە رایگەیاند ئەم کەیسە نە کەیسی شاسوار عەبدولواحیدە  و نە هی نەوەی نوییە و تا ئێستاش ناوی شاسوار عەبدولواحید نەهاتوە، ئەی خێرە راستەوخۆ دوو رۆژ دوای ئەم لێدوانەی دادگا، ئەم دانپێدانانە ساختەیە بڵاودەکەنەوە؟ ئایا گەر دادوەر و دادگا لە ماوەی 15رۆژی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەدا هیچ دانپێدانانێکیان لەبەردەست نەبوبێت، خێرە بەم رۆژی هەینییە کە نە دادگا هەیە و نە دەوامی فەرمییە، کەچی وتەی ئەوانە بڵاودەکەنەوە؟

3- "ئەمنی عامەی" سلێمانی خێرە ناهێڵێت ئەو کەسانە نە پارێزەریان هەبیت و نە کەس بیانبینێت؟ ئەگەر دۆسیەکە ئاسایی بوایە و ئەوانە بە راستیی وتەی لەو جۆرەیان بدایە، خێرە نەتانهێشتوە هیج کەس بیانبینیت و هەروەها رێنادەن پارەێزەریان هەبێت و نایشیانبەنە بەردەم دادوەر لە دادگا و دۆسیەکە رادەستی پۆلیس ناکەن؟

4- لە ماوەی 15رۆژی رابردودا تەنها یەکەم رۆژ 25-4-2019یەکێک لەو دەستگیرکراوانە لەبەردەم دادگا ئامادە بووە و دواتر ئەو رێگەیەیشیان لیگیراوە و دەستگیرکراوەکان نەدەهێنران بۆ بەردەم دادگا، بەلام لە یەکەم رۆژدا یەکیک لەو گەنجانە (رەوەند حیکمەت) لەبەردەم دادوەردا ئامادەکراوە و وتەی فەرمیی بەردەم دادوەری هەیە و بە رونیی وتوێتی ئێمە هیج کارێکی لەو شێوەیەمان نەکردووە و بە هیج شێوەیەکیش سەرۆکی جولانەوەکە هیچ شتێکی پێ نەوتوین کە دژ بیت بە پەرلەمانتاران یاخود هەر کەسێکی تر و،  ناوبراو نامەیەکی سەرۆکی جولانەوەکەی پێگیراوە کە سەرۆکی جولانەوەکە پێی دەڵێت (هیچ تەشهیر و قسەیەک  بە هیچ کام لەو ئەندامە نارازییانە مەڵێن) و ئەم نامەیە لەبەردەم دادوەردا هەیە و جێگیرکراوە لە ئەوراقی دادگادا، کەچی خێرە ئێستا ئەو وتانەی بەردەم دادوەر ئاشکرا ناکەن و بە پێچەوانەوە وتەی دەستگیرکراوەکان پێچەوانە بونەتەوە؟

5- ئەم سیناریۆیانەی دەسەڵات کە لە مێژووی 28 ساڵی رابردودا بەردەوام خەریکی بووە و هەر جارە و هێزێکی ئۆپۆزسیۆن یان نەیارێکی دەسەڵاتی گرتۆتەوە، ئەوا ئێمە ناترسێنێت و دڵنیاشین کە هاوڵاتییان بە هیچ شێوەیەک باوەڕ بەم سیناریۆ قێزەونانە ناکەن و
دوارۆژ راستیەکان دەردەخەن، و هەموو هاولاتییانی کوردستان باش لە بیریانە کە لە سەروبەندی هەلبژاردنەکانی 2014 دا چۆن کۆمەڵیک خەلکتان هێنایە سەر شاشە و چۆن دواتر دەرکەوت هەمو ئەو وتانە بە زۆر و لە ژێر فشاردابوون.

بۆیە لە کۆتاییدا ئێمە رای گشتی و هەمو لایەنە نێودەوڵەتی و عێراقی و ناوخۆییەکان تێدەگەێنین و دڵنیایان دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین و ئەم درۆ و سیناریۆیانە نەک ساردمان ناکەنەوە، بەلکو دەمانگەێننە ئەو قەناعەتەی کە دەسەڵات و بە تایبەت یەکێتی لە سلیمانی باش ترسی هەیە لە جولانەوەی نەوەی نوێ، بۆیە ئێمە هەمو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوامین و رۆژگاریش راست و درۆ دەردەخات و لە کۆتایشدا ڕوڕەشی تەنها بۆ ئەو هێزە ناشیرینە قێزەونانەیە کە خەریکی ئەم جۆرە سیناریۆ ناشیرینانەن.

لەدوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رەخنەی تووندیان لە سەرۆکی جووڵانەوەکە گرت و هاوکات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا شادی نەوزاد ژنە پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی "رووتی" لێکراوە، ئاسایشی سلێمانی چوونە ئۆفیسی سەرەکی جووڵانەوەکە و چەند کەسێکیان دەستگیرکرد.


 

رۆژی 1-5-2019 دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەند تۆمەتبارێک لە ئۆفیسی سەرەکی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی حەشاردرابوون و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون.

دواتر دادگای سلێمانی رایگەیاند، بەتۆمەتی ناوزڕاندن و هەڕەشەکردن لە ئەندامانی نەوەی نوێ، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 10 ئەندامی جوڵانەوەکە دەرکراوە، گوتەبێژی دادگای سلێمانیش دەڵێ "تاوەکو ئێستا 5 کەس لەنێو ئەو 10 کەسە دەستگیرکراون کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە".

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشدا شاسوار عەبدولواحید لەبارەی ئەو رووداوانەوە رایگەیاند، ئەوەی بەرامبەر جوڵانەوەکەی کراوە سیناریۆیە، ئەگەر دەتوانن با لەبەردەم دادگا بیسەلمێنن".

رۆژی رابردووش پێنجشەممە 9-5-2019 تیمی پارێزەرانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و ئاسایشی "یەکێتی"ـیان تۆمەتبارکرد بەوەی کە دەستگیرکراوەکانیان ئەشکەنجە کردووە و لە ژیر فشاری ئاسایش، وتە لە دەستگیرکراوەکان وەردەگیرێت.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌ی ده‌زگای ئاسایش 

ئه‌م دۆسیه‌ له‌ رۆژی 24-4-2019 به‌سكاڵاكردنی په‌رله‌مانتاری جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ( شادی نه‌وزاد ) و له‌سه‌ر سكاڵای داواكاری گشتی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد.

پاڵپشت، به‌ بڕیاری دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش، له‌ رۆژی 29-4-2019 كه‌ تێیدا ھاتووه‌ (ئه‌م روداوه‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌ واته‌ تاوانی رێكخراوه‌ و سرووشتێكی ترسناكی ھه‌یه‌ بۆیه‌ پاڵپشت به‌ ماده‌ی سێ له‌ بڕگه‌ی ھه‌شت له‌ یاسای ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان ژماره‌ پێنج ساڵی 2011 ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تمه‌ندی ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م دۆسییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێم).

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستان، لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونی وردی ده‌ستپێكرد، بۆ تاوانێكی رێكخراو كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، له‌ژێر بڕیار و رێنمایی دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌. 

پاش كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و به‌دواداچوونی ورد، چه‌ند كه‌سێك، له‌ ئوفیسی نه‌وه‌ی نوێ له‌ سلێمانی، له‌ رێوشوێنێكی یاسایی و به‌ چاودێری دادوه‌ر ده‌ستگیركران، به‌شێك له‌و تۆمه‌تبارانه‌ش كه‌ له‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ سلێمانی حه‌شاردرابوون، به‌ چاودێری داده‌وه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌، ھێزه‌كانمان ده‌ستگیریانكردن.

بۆ رایگشتی روونده‌كه‌ینه‌وه‌

ئه‌م كه‌یسه‌، تایبه‌تمه‌ندی ھه‌یه‌ و سرووشتێكی ترسناكی ھه‌یه‌ و په‌یوه‌ندیداره‌، به‌ ئادابی گشتی و ئه‌خلاقی گشتی و به‌ھا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌. 

بۆیه‌ ده‌زگاكه‌مان تاوەکو ئێستا ھیچ رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاونه‌كردووەته‌وه‌. به‌ڵام سه‌رئه‌نجام ، بۆئه‌وه‌ی رێگریبكه‌ین له‌ شێواندنی راستییه‌كان كه‌ به‌ مه‌به‌ست ده‌یانه‌وێت كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك چه‌واشه‌ بكه‌ن و راستیته‌كانیان لێبشێوێنن. بۆیه‌ له‌ پێناو ده‌رخستنی راستییه‌كان و پاراستنی مافی ھه‌موو لایه‌ك و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، به‌ پێویستمان زانی، ئه‌م رونكردنه‌وه‌یه‌ بڵاوبكه‌ینه‌وه‌، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیش، له‌ نزیكه‌وه‌ و له‌زاری تۆمه‌تبارانه‌وه‌ گوێبیست و شاھیدی روداوه‌كان بن تا ھه‌موومان پێكه‌وه‌ رێگریبكه‌ین له‌ دووباره‌ ئه‌نجامدانی تاوانی رێكخراوی له‌م چه‌شنه‌ تا خه‌ڵك له‌ ژیانێكی ئارام و ئاسوده‌یی و سه‌ربه‌رزانه‌ بژین و دووربن له‌ ناوزڕاندن كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركی دامه‌زراوه‌كانی ده‌زگای ئاسایشی ھه‌رێمی كوردستانه‌و له‌م رووه‌شه‌وه‌ درێغیمان نه‌كردووه‌و نایكه‌ین.

ھه‌موو لایه‌كیش دڵنیاده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیداین، رێگه‌ به‌ھیچ كه‌س و لایه‌نێكیش ناده‌ین یاسا و مافه‌ تایبه‌تییه‌كان و ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵك بشێوێنن له‌و پێناوه‌شدا بكه‌ران و تۆمه‌تباران و ھاوكار و ھاوبه‌شه‌كانیان ده‌ستنیشانده‌كه‌ین و راده‌ستی عه‌داله‌ت و دادگایان ده‌كه‌ین تا سزای خۆیان وه‌ربگرن .

له‌م ده‌رفه‌ته‌دا به‌پێویستیشی ده‌زانین داوا بكه‌ین له‌ په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز له‌ ھه‌رێمی كوردستان ، ھه‌وڵی جدی بده‌ن ، بۆ ھه‌موواركردنه‌وه‌ی یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارھێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن به‌ شێوه‌یه‌ك ، كه‌ سزاكه‌ی تووند بكرێت به‌تایبه‌ت بۆ تاوانه‌ رێكخراوه‌كان و ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ھه‌ڕه‌شه‌ن بۆ مافی تایبه‌تی خه‌ڵك و كه‌سایه‌تییه‌ گشتییه‌كان.

بۆ ھه‌موو لایه‌كیشی روونده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌م رێوشوێنانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر له‌ چوارچێوه‌ی رێكاره‌ یاساییه‌كاندان ته‌نھا ھێزه‌كانی سه‌ر به‌ده‌زگای ئاسایش بڕیاره‌كانی دادگایان جێبه‌جێكردوه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش به‌رده‌وامن و له‌به‌ر ھه‌ستیاری دۆسیه‌كه‌ و په‌یوه‌ست به‌ ئاداب و ئه‌خلاقی گشتی و به‌ھا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە