پزیشکانی پسپۆڕ لە هەولێر مانگرتنیان راگەیاند

10-02-2016
سیروان عەباس
نیشانەکردن پزیشکانی پسپۆڕ هەولێر مانگرتن
A+ A-

رووداو- هەولێر

پزیشکانی پسپۆڕ لە شاری هەولێر مانگرتنی خۆیان راگەیاند و لە بەیاننامەیەکدا جەختیان كردەوە، لەکاتێکدا ماوەی 48 کاژێر مۆڵەتیان بە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی داوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.

رۆژی 7-2-2016، نوێنەرایەتی دەستە و کۆمەڵە پزیشکییەکانی هەولێر بەیاننامەیەكی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی و دەزگاكانی راگەیاندن كردو تێیدا ماوەی 48 كاژێریان بە حكومەتی هەرێمی کوردستان دا بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری كەمكردنەوە و پاشەكەوتكردنی مووچەی پزیشكان، ئەمە لەكاتێكدابوو وەك خۆیان باسی دەكەن "پزیشكانی كوردستان ماوەی 5 مانگە بەبێ‌ مووچە شەو و رۆژ لە سەنتەرەكانی چارەسەری پێشوازی لە هاونیشتمانیان و پێشمەرگە دەكەن و چارەسەریان پێشكەش دەكەن". 

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، وادەی 48 كاژێرەكە تەواو بوو، بەڵام حكومەت و وەزارەتی تەندروستی نەك هەر بەشێوەیەكی فەرمی قسەیان لەسەر ئەم داوایەی پزیشكان نەكردووە، بەڵكو بەهیچ شێوەیەك هیچ نوێنەرێكیان ئەركی نەكێشاوە بچێت لەگەڵ نوێنەری پزیشكان كۆببێتەوە و دانوستاندن بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكە. 

نوێنەرایەتی دەستەو كۆمەڵە پزیشكییەكانی شاری هەولێر مانگرتنی پزیشكانی پسپۆر لە سەرجەم نەخۆشخانەو بنكەو سەنتەرەكانی چارەسەری و لیژنە پزیشكییەكانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە شاری هەولێر و دەوروبەری رادەگەیێنێ و دەرەنجام و دەركەوتە نەرێنی و نەخوازراوەكانی مانگرتنەكەش دەخەنە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی و حكومەتی هەرێمی كوردستان. 

مانگرتن رۆژی چوارشەممە رێكکەوتی 10-2-2016 ، كاژێر 08:00 ی بەیانی دەستپێدەكات، تەنیا بەشەكانی فریاكەوتن، پێشوازیی بریندار، پێشمەرگە، یەكەكانی بووژانەوەی دڵ، ساڵەكانی منداڵبوون و بەشە هەستیارەكانی وەك قەستەرەو چارەسەری كیمیایی نەخۆخشییەكانی شێرپەنجە ناگرێتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی سیستەمێكی نوێی بۆ دابەشكردنی مووچە راگەیاندووە، بەپێی ئەو خشتەیەی حكومەت بڵاویكردووەتەوە، لەمەودا تاوەكو قەیرانی دارایی چارەسەر دەبێت، بەپێی داهات، مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی لەنێوان 15% بۆ 75% دەبڕدرێت و پاشەكەوت دەكرێت.

ئەم بڕیارە ناڕەزایی ‌و مانگرتنی بەشێك لە فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مامۆستایانی زانكۆ، پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆی لێكەوتەوە، لە شاری هەولێریش بۆ چوارەم رۆژ دەچێت مانگرتنی بەشێك لە فەرمانبەرانی حكومەت بەردەوامە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە