رووداو - هەولێر
دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان دەستیکردووە بە پرۆسەی چاودێریی و داوای چەند حیسابێكیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە. دەگوترێ وەڵامیان دراوەتەوە و ئێستا سەرقاڵی وردبینین لە داهاتی نەوت.
باس لەوەش دەکرێت، چاودێری دارایی چەند گرێبەستێكی نەوتیان بەدەست گەیشتووە و لیژنەش دەستیان کردووە، بە وردبینیکردن و هەڵسەنگاندنی ئەم گرێبەستانە .
بە پێچەوانەی دیوانی چاودێری دارایی, لێژنەی پیشەسازی و وزەو سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمان، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنن کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی نووسراو و داواکارییەکانی چاودێری دارایی ناداتەوە و زانیاری و داتای دروست ناخەنە بەردەستیان.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە كە لە کۆتایی ساڵی 2013 بڵاوكرایەوە، هەرێمی كوردستان بە 45 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی سەلمێنراو و 3 تا 6 تریلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتییەوە، گرنگییەكی تایبەتی لە دەستەبەركردنی ئاسایشی وزەی جیهاندا پەیداكردووە.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، هەموو نەوتی یەدەگی جیهان تریلیۆنێك و 118 ملیار بەرمیلە، ئەگەر 45 ملیار نەوتی یەدەگی باشووری كوردستان لەبەرچاوبگرێت، سەرچاوەكانی نەوتی باشووری كوردستان لانیكەم 4%ی هەموو یەدەگی نەوتی جیهان پێكدێنن.



