ئەمریكا لە نۆژەنكردنەوەی پردەكانی موسڵ هاوكاری عێراق دەكات

10-01-2017
سەمیع زوبێر
نیشانەکردن شەڕی موسڵ داعش
A+ A-

رووداو ـ هەولێر

پەیمانگەیەكی ئەمریكی رایگەیاند، بەئاسانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی بەری راستی موسڵ دەستپێناکات چونکە داعش سەرجەم پردەکانی تەقاندووەتەوە. هەروەها رایدەگەیێنێت: "ئەمریكا لە نۆژەنكردنەوەی پردەكانی موسڵ هاوكاری عێراق دەكات".


پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا رایگەیاند "مەرج نییە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی بەری چەپی شاری موسڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراق، راستەوخۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی بەری راستیش دەستپێبكەن، چونكە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەشێكی ئەو پردانەی هەردوو بەری شارەكە بەیەكدی دەبەستنەوە ، زیانیان بەركەوتوە."

پەیمانگەكە هەروەها دەڵێت "راوێژكارانی سەربازی ئەمریكا بەنیازن بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوەی پردە زیان بەركەوتووەكان هاوكاریی عێراق بكەن، بۆ پەڕینەوەی هێزەكان بۆ بەری راستی شارەكە، ئەم پرۆسەیەش كاتی پێویستە، لەو ماوەیەشدا ئەو هێزانەی لە قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنەكە بەشداربوون دووبارە ریزەكانیان رێكدەخەنەوە".

پەیمانگەی توێژینەوەی جەنگی ئەمریكی پێشبینی دەكات "لەبەری راست رووبەڕووی بەرگریەكی تووندی چەكدارانی داعش ببنەوە، بەپێی زانیارییەكانیش بۆ رێگرتن لە پێشڕەوی هێزە ئەمنییەكان داعش سەرجەم رێگەو باڵەخانەكانی بۆمبڕێژكردووە."

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە