ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان مۆڵەتنامەی هاتووچۆی ئامادەكردووە و لەمەودوا هیچ كەسێك ناتوانێ بەبێ مۆڵەتی ئاسایش بچێتە دەروەی رۆژئاوای كوردستان.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستانی سەربە پارتی یەكێتی دیموكرات PYD رایگەیاندوووە، ئەو مۆڵەتنامەیە دوای رێككەوتنی هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستان دێت بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری سێمالكا لەنێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستاندا.
لە راگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستاندا هاتووە، هەر كەسێك بیەوێ سەردانی باكوور یان باشووری كوردستان بكات، پێویستە مۆڵەت لە ئاسایش وەربگرێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ سەردانی نزیكترین بنكەی ئاسایشی شوێنەكەی بكات و لەبەرامبەر وەرگرتنی مۆڵەتنامە، هەر هاووڵاتییەك پێویستە (300) لیرەی سووری بداتە ئاسایش.
دوای رێككەوتنی هەردوو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد و ئەنجوومەنی گەل، رۆژی یەكشەممە 2014/1/5، دەروازەی سنووری سێمالكا بۆ هاوكارییە مرۆییەكان و هاتووچۆی هاونیشتمانییانی رۆژئاوا كرایەوە.
شەوكەت بەربوهاری، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووری پێشابوورێ بە (تۆڕیی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "پێشابوور تەنیا بۆ هاوكارییە مرۆییەكان و هاتووچۆی هاونیشتمانییان كراوەتەوە و لەگەڵ دووبارە كرانەوەی زیاتر لە 3 هەزار كەس ئاودیوی هەرێمی كوردستان بوون".
پێشابوور، تاكە خاڵی سنووری كراوەی نێوان باشوور و رۆژئاوای كوردستان و هەروەها نێوان عێراق و سووریایە.




