رووداو - ڤێرجینیا مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رەوەندی کوردی لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا وتارێکی پێشکەشکرد و باسی دەوڵەتی کوردی کرد و گوتی: "ئەو کۆسپانەی پێشتر هەبوون ئێستا زۆربەیان نەماون و ئەگەر مابێتیشن شتی زۆر کەمە، بۆیە ئامانجەکەمان زۆری نەماوە". مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای خستنەڕووی زانیاریی سەبارەت بە شەڕی داعش و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، رایگەیاند "شتێکی گرنگ هەیە دەمەوێ بۆتان باس بکەم، کە پرسی سەربەخۆیی کوردستانە". بارزانی گوتی "سەربەخۆیی مافێکی سرووشتی خۆمانە و بەدرێژایی مێژوو لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە غەدرمان لێدەکرێ و بەبێ ویستی خۆمان دابەشکراین ، ئێستاش هەر پارچەیەک تایبەتمەندی خۆی هەیە". سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، بۆ سەربەخۆیی زیاتر جەختی لەسەر باشووری کوردستان دەکردەوەو گوتی "دوای شەڕی داعش واقیعێکی دیکە دروستبووە، من بیرم نایەت پێشتر هیچ دەوڵەتێک ئامادەبووبێت گوێ لە وشەی دەوڵەتی کوردی بگرێ ، بەڵام ئێستا زۆر وڵات بە ئاشکرا پشتگیریمان دەکەن، هیچ وڵاتێکش دژی سەربەخۆییمان نییە". بارزانی گوتیشی "شەڕی داعش و هیچ هۆکارێکی دیکە نابێتە رێگر لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستان و میللەتی کورد خۆی بڕیار لە چارەنووسی دەدات ، ئاسوودەشین بەو گفتوگۆیانەی لەو بارەیەوە کردوومانە ، ئەو کۆسپانەی پێشتر هەبوون ئێستا بەشێکی زۆری نەماوەو ئەگەر مابێتیش زۆر کەمە". مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە "رۆژ بە رۆژ لە ئامانجی سەربەخۆیی نزیکدەبینەوەو بە دووریشی نازانم" ، رووی قسەکانی کردە ئامادەبووان و گوتی "منداڵەکانتان هانبدەن بخوێنن ، بۆئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا خزمەتی کوردستانێکی سەربەخۆ بکەن". سەبارەت بە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانیش ، بارزانی جەختیکردەوە " چارەسەری ئەو شوێنانەی کە بە ناوچەی جێناکۆک ناودەبرێن تەنیا بە ریفراندۆم دەکرێ ، کە دەبوو لەساڵی 2007ەوە بکرێ ، بەڵام حکومەتی عێراق نەیکرد". گوتیشی " ئێمە کە پێشتر بەوە رازی بووین ریفراندۆم بکرێ مانای ئەوە نییە گومانمان لە کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە هەبێ، بەڵکو گوتمان بە مەسەلەکە بە دەستوور یەکلایی ببێتەوە، دوای ریفراندۆمیش دەبێ رێز لە بۆچوونی خەڵکی ئەو ناوچانە بگیرێ ، چونکە دڵنیاین بەشێکن لە کوردستان".
تەندروستی18-11-2026رێنوێنیکارێکی پەروەردەیی قۆناخەکانی گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤ روون دەکاتەوە