مەکتەبى رێکخستنى پارتى: 500 کورد لە ریزى داعشدان

09-02-2015
ناسر عەلی
نیشانەکردن داعش
A+ A-

رووداو- دهۆک

مەکتەبى رێکخستنى پارتى دیموکراتى کوردستان نوێترین زانیاری لەبارەی ئەو کەسانەی لە کوردستانەوە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە، ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ژمارەیان 500 کەس دەبێت".

 یەکێک لە بەرپرسانی ناوەندێکى ئەکادیمی ئیسلامیش لە دهۆک دەڵێت "هەندێک لە مامۆستایانى ئاینى لەو ناوەندانە یەکێکن لە هۆکارەکانى رۆیشتنى ئەو کەسانە بۆ نێو داعش".

دواى هێرشى ئەم دواییەى چەکدارانى داعش بۆ سەر میحوەرەکانى پێشمەرگە لە سنوورى شارى کەرکووک، جارێکى دیکە چەکدارە کوردەکانى نێو داعش بوونەوە رۆژەڤى میدیاى کوردى، چونکە ژمارەیەکى زۆر لەوانەى بەشدارییان لەو شەڕەدا کرد، چەکداری کورد بوون. دواتریش دەرکەوت ژمارەیەک لەوانە بە دەستى پێشمەرگە کوژراون کە دوو لەوانە خەڵکى شارى دهۆک بوون و یەکێکیان خەڵکى سلێمانى و یەکێکیشیان خەڵکى هەولێرە، هەروەها گەنجێکى کوردى رۆژهەڵاتى کوردستان لە نێو کوژراوەکاندا بوو.

لەنێو کوژراوە کوردەکانى داعشدا قوتابییەکى زانکۆى دهۆک هەبوو بەنێوى عومەر عەبدولجەبار کە خەڵکى قەزاى بەردەڕەش بوو. هەفتەى رابردوو ئاسایشى ناوچەکە کەسوکارى ئەو قوتابیە و قوتابیەکى دیکەی کە ئێستا لە ریزەکانى داعشدایە، دەرکرد.

هەر لە سنوورى پارێزگاى دهۆک گەنجێکى دیکەى ناوچەى ئامێدى لە ریزەکانى داعشدا کوژرا و کەسوکارەکەى لە ناحیەى دێرەلووک پرسەیان بۆ دانا. خێزانى ئەو گەنجە کوردە لە هەشتاکانەوە چوونەتە مووسڵ، دواى داگیرکردنى مووسڵ لەلایەن داعشەوە روویان لە ناحیەى دیرەلووک کردبوو، بەڵام ئەو گەنجە لەگەڵیان نەهات و بڕیاریدا لە مووسڵ بمێنێتەوە.

کەسوکارى ئەو گەنجە رایانگەیاند کە کوڕەکەیان لەلایەن داعشەوە کوژراوە، بەم پاساوە پرسەیان دانا، بەڵام دواتر لەلایەن ئاسایشەوە ئاگادارکرانەوە کە پرسەکە هەڵگرن.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لەو ناوچەیە بە (رووداو)ی راگەیاند "زانیاریمان پێگەیشت کە ئەو گەنجە نەک لەلایەن داعشەوە نەکوژراوە، بەڵکو چەکداری داعش بووە و لە ریزەکانی ئەواندا کوژراوە".


500 کوردی داعش

بەرپرسێکی باڵای پارتى دیموکراتى کوردستان سەبارەت بە ژمارەی کوردەکان لە ریزەکانی داعشدا زانیاری گرنگ ئاشکرا دەکات و دەڵێت "لە سەرەتای شەڕی کورد لەگەڵ داعش ژمارەی گەنجانی کورد لە ریزەکانی ئەواندا زۆر کەم بوون، بەڵام ئێستا ژمارەیان زیاد بووە".

جەعفەر ئیبراهیم، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (رووداو)ى راگەیاند "بەپێى نوێترین بەدواداچوون، ژمارەى ئەو کوردانەى لە باشوورى کوردستانەوە پەیوەندیان بەداعشەوە کردووە گەیشتووەتە 500 کەس کە هەندێکیان بە شانازییەوە خۆیان لە نێو داعش دەردەخەن، ئەمەش شتێکى ترسناکە".

جەعفەر ئیبراهیم کە لە هەمانکاتدا جێگرى سەرۆکى پەرلەمانیشە، گوتى "بە داخەوە زۆربەى ئەو گەنجانەى لە ریزەکانى داعشدان، خەڵکى ناوچەى هەڵەبجەن، ئەمە جێی ئەسەفە، چونکە هەڵەبجە شارێکى قوربانیدەرە و هەموو کوردێک لە سەرانسەری جیهان شانازى بەو شارە و خەڵکى سەربڵندى ئەو شارەوە دەکەن".

دواى ئەوەى داعش لە مانگى حوزەیرانی 2014 شارى مووسڵى داگیرکرد، لەسەرەتای مانگی ئابی رابردوودا بە پەلاماردانی ناوچەکانی شنگال و زومار شەڕیان لەدژی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

بەپێى نوێترین ئامارى وەزارەتى پێشمەرگە، تاوەکو ئێستا 999 پێشمەرگە لە شەڕى داعشدا شەهید بوون و نزیکەى 5000 پێشمەرگەش بریندار بوون.

رۆژ بەڕۆژ رقى هاووڵاتیانى کوردستان بەرامبەر داعش زۆرتر دەبێت، بە تایبەتیش دواى سەربڕینى پێشمەرگەیەک بەناوى هوجام سورچى لەلایەن چەکدارێکى کوردى داعش کە ناوى مۆفەق زێبارییە. ئەو چەکدارە بەرلەوەى هوجام سەرببڕێت بە زمانى کوردى هەڕەشەى لە باراک ئۆباما و مەسعود بارزانى کرد.

ئێستا چەکدارە کوردەکانى داعش زۆرتر لە جاران خۆیان دەردەخەن، بەتایبەتى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى وەک تویتەر و فەیسبووک. تەنانەت ئێستا وێنەى کوژراوەکانیشیان بڵاودەکەنەوە.


"ناوەندە ئەکادیمییە ئیسلامییەکان هۆکارن"

لە کوردستاندا چەند ناوەندێکى ئیسلامى لە زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان هەن، جگە لەو ناوەندە ئاینیانەى پێشتر لەلایەن حیزبە ئیسلامییەکانى کوردستانەوە کرابوونەوە و دواتر حکومەت دایخستن. مامۆستای پەیمانگەیەکى ئیسلامى پێیوایە ئەو ناوەندانە هۆکارێکن بۆ هاندانى گەنجان تاوەکو پەیوەندى بە ریزەکانى داعشەوە بکەن.

د.موحسین دۆسکى، راگرى پەیمانگاى زانستە ئیسلامییەکانى دهۆک رەخنە لە مامۆستایانى ئەو ناوەندانە دەگرێت و دەڵێت "پرۆگرامەکانى ئەو ناوەند و ئەکادیمیە ئیسلامییانە خراپ نین، بەڵام مامۆستاکانیان لە ئاستى پێویستدا نین، بەشێک لەو مامۆستایانە تەفسیرى خراپ بۆ ئەو پرۆگرامانە دەکەن و دەبنە هۆکارى پەروەردەکردنى هەندێک کەسى توندڕەو لەو ناوەندانەدا، بە جۆرێک دەگاتە ئەو ئاستەى پەیوەندى بە رێکخراوێکى تیرۆرستى وەکو داعشەوە بکەن".

ئەو مامۆستایە هەروەها دەڵێت "دەبێ خولى تایبەت بۆ مامۆستاکانى ئەو ناوەندانە و مەلاکان و وتارخوێنان بکرێتەوە، بۆ ئەوەى مەنهەجى ئیسلام بە خراپى تەفسیر نەکەن".

د.موحسین بەدوورى زانى ژمارەى گەنجانى کورد لە نێو ریزەکانى داعش هەڵبکشێت "چونکە بەشێک لەو کوردانەى ئێستا لە ریزەکانى داعشدان، زۆر پەشیمانن، بەڵام نازانن چۆن بگەڕێنەوە".
ئەو مامۆستایە دەڵێت ئەو رەفتارانەى داعش هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاینى ئیسلامەوە نییە و نموونە بە دیلەکانى داعش دێنێتەوە و دەڵێت "ئوردن ئامادە بوو ژنێکى توندڕەو ئازاد بکات لەبەرامبەر فڕۆکەوانە ئوردنییەکە، بەڵام ئەوان زۆر بێ بەزەییانە فڕۆکەوانە ئوردنییەکەیان کوشت و ژنەکەش بەهۆى ئەوانەوە لە سێدارە درا، کەچى لەسەردەمى فتوحاتى ئیسلامدا سەرکردەکانى ئیسلام ئامادەبوون 100 دیل بەرامبەر ژنێکى موسڵمان ئازاد بکەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە