رووداو- هەولێر
فەلاح مستەفا رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان ناكات و دان بە هیچ بڕیارێكی تاكلایەنە نانێن.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پێكهێنانی كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان، بڕیاریداوە پشتگیری لە بڕیارێك بكات كە لەلایەن كۆی گرووپ و لایەنە كوردەكانەوە بدرێت، بەڵام مامەڵە لەگەڵ هیچ بڕیارێكی تاك لایەنە ناكات".
فەلاح مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی روونەو وەكو وڵاتانی ئەوروپا مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە دەكات، بۆیە پێویست ناكات هیچ لایەنێك موزایەداتی سیاسی بكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ئەم هەڵوێستەی دەبێت.
رۆژی 21/1/2014 لە شاری ئاموودا كانتۆنی جزیرە راگەیەنرا، هەروەها لە 27ی مانگ كانتۆنی كۆبانی و لە 29ی مانگی رابردووش، پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD و هاوپەیمانەكانی دوایین كانتۆنی خۆڕێبەرییان لە رۆژئاوای كوردستان راگەیاند، كە كانتۆنی عەفرین بوو بە سەرۆكایەتی هێڤی ئیبراهیم. هەر كانتۆنێك لە 22 دەستەو سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكار و دوو جێگر پێكدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ