عەلی حەمە ساڵح: پرۆژەی غازی سرووشتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا ستراتیژییە

08-11-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن عەلی حەمە ساڵح پرۆژەی غازی سرووشتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا
A+ A-
رووداو- هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان رایدەگەیەنێت، پرۆژەی تازە واژووکراوی نێوان تورکیا و هەرێمی کورستان بۆ گواستنەوەی سامانی هایدرۆکاربۆنی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان، دەتوانێ هەرێمی کوردستان بە ئاستێک گەورە بکات کە کێبڕکێی رووسیا بکات لە دابینکردنی غازی سرووشتی بۆ بازارەکانی جیهان و، دەتوانێ بوودجەی هەرێمی کوردستان ساڵانە بگەیەنێتە 100 ملیار دۆلار.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی گۆڕان، بەشداری بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی (رووداو)ی کرد و رایگەیاند "ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەیەکی ئابووری سەربەخۆ و بەهێز بۆ هەرێمی کوردستان درووست ببێت، ئەگەر بەشێوەیەکی باش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ". پرۆژەكە بە "پرۆژەیەکی گەورەی ستراتیژی" وەسف دەکات و دەڵێت "پێویستە هەموومان زۆر بە تەرکیزەوە لێی بڕوانین، چونکە گرینگترین پرسە لەدوای حکومڕانی هەرێمی کورداستانەوە روویداوە".

عەلی حەمە ساڵح، کە لە هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولدا 139 هەزار دەنگی بەدەستهێنا دەشڵێت "بەپێی ئەو لێکدانەوە ژمارەییانەی من کردوومە، لە چوار ساڵی ئایندە گەورەترین خۆشگوزارانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان وەدەستدێ، بە مەرجێک ئەم دۆسیەیە، دۆسیەیەکی دامەزراوەیی بێت و لە دەستێکی ئەمیندا بێت".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پرۆژەیە لەساڵی 2004 بوونی هەبووە بەناوی (پرۆژەی نابۆکۆ) کە بریتی بوو لە دابینکردنی غازی سرووشتی بۆ ئەوروپا لەرێگەی ئێران و ئازەربایجانەوە، دەبوو 6 کۆمپانیای ئەوروپی نزیکەی 3 هەزار و 300 غاز دابین بکەن، بەڵام ئەم پرۆژەیە فەشەلی هێنا. جەختیش دەكاتەوە، ئەو پرۆژەیە شوێنی نابۆکۆ دەگرێتەوە، گرینگی جێگرتنەوەی پرۆژەی نابۆکۆ بۆ هەرێمی کوردستان لەوەدایە، کە ئێستا کارتی دابینکردنی غازی سرووشتی بەدەست رووسیاوەیە، دەکەوێتە دەستی هەرێمی کوردستان، واتە: هەرێمی کوردستان بە ئەندازەیەک گەورە دەبێ، کە کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتێکی گەورەی وەکو رووسیا بکات.

لەبارەی گرینگی پرۆژەكەشەوە، عەلی حەمە ساڵح، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی (رووداو) گوتی "ئەگەر ئەو پرۆژەیە بە دامەزراوەیی بکرێت و لە دەستێکی ئەمیندا بێت، ساڵانە بوودجەی هەرێمی کوردستان دەکاتە 100 ملیار دۆلار، کە نزیکەی هەشت ئەوەندەی بوودجەی ئێستای هەرێمی کوردستان دەبێ، بەمەش خۆشگوزەرانییەکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان بەدیدێ".

بە خستەڕووی ئەوەی کە پرسیار و گومانی یەکجار زۆر لەسەر ئەم پرۆژەیە هەیە، عەلی حەمە ساڵح گوتی "هەندێک زانیاری لەسەر ئەو پرۆژەیە هەیە مژدە بەخش نین، گەورەترین سکاڵا کە لەساڵی 2013 لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی تۆمارکراوە، لەسەر ئەو بۆڕیەیە، بڕی ئەو پارەیەی لەو بۆڕیەوە بەدەست دێ 53 ملیار دۆلارە، هەروەها سكاڵاکە لەلایەن کۆمپانیای کرینس پێتڕۆلیەم-ی ئیماراتییەوە لەسەر کۆمپانیای RWI  تۆمار کراوە".

ئەم پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بە هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵاکە کرد و رایگەیاند "دامەزراوەی رووپێوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە باشترین دامەزراوەیە شارەزای لە بواری نەوتدا هەبێت، کۆمپانیا ئیماراتییەکە دەلێ لەلایەن کۆمپانیا ئەڵمانییەکەوە حەقی خوراوە، ئەوەتا سێ ساڵ تێپەڕ دەبێ، ئێستا درکی پێ دەکرێ". گوتیشی" بە پێی بەدواداچوونەکانی ئێمە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو پرسە نەبووە، هەروەها ئەم غازە بە کەمتر لە یەک لەسەر سێی نرخی جیهانی دەفرۆشرێ، کە من پێموایە ئەمە هەراجکردنە".

بەپێی راپۆرتێکی رۆیتەرز حکومەتی هەرێمی کوردستان پاکێجێکی نوێی لە رێککەوتنێکی 25 ساڵەی لەگەڵ تورکیای واژوو کردووە، ئەو پاکێجە پرۆژەیەکی چەند ملیار دۆلارییە کە سامانی دەوڵەمەندی هایدرۆکاربۆنی هەرێمی کوردستان لەرێگەی تورکیاوە دەگوازێتەوە بازاڕەکانی جیهان.

رۆیتەرز نووسیویەتی، ئەم رێککەوتنە گرینگییەکی جیۆپۆلیتیکی هەیە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەبێتە هۆی ئەوەی هەرێمی کورستان لە رۆژێکدا 2 ملیۆن بەرمیل نەوت و لە ساڵێکدا 10 ملیار مەتر چوارگۆشە لە غازی سرووشتی هەناردەی تورکیا بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە