سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت "راشکاوانەترین کۆبوونەوەمان لەگەڵ گۆڕان ئەنجامدا، ئامادەین پەرە بە گفتوگۆکانمان بدەین لەگەڵیاندا". سەبارەت بە کێشەکانیش لەگەڵ بەغدا، گوتی "دەبێ عەبادی لەوە تێبگات؛ ئەم پرسە عێراقییە، نەک پرسێکی دەرەکی".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لە دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ گۆڕان کە بە دەسپێشخەریی ئەمینداریی یەکگرتوو بوو و ئەویش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو ، گوتی : "راشکاوانەترین کۆبوونەوەمان لەگەڵ گۆڕان ئەنجامدا، ئامادەین پەرە بە گفتوگۆکانمان لەگەڵ گۆڕان بدەین و چاوەڕێی وەڵامی گۆڕانین بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داهاتوو".
سەبارەت بە کێشەکان لەگەڵ بەغدا ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی "هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونە و داوای دەستپێكردنی گفتوگۆی بێ مەرج لەگەڵ بەغدا دەکات، پەنابردنی بەغدا بۆ وڵاتانی دیکە بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، لەبەرژەوەندی عێراق و ئەو وڵاتانەشدا نییە".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها پەیامێکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق نارد و گوتی "دەبێ عەبادی لەوە تێبگات کە ئەم پرسە عێراقییە، نەک پرسێکی دەرەکی".سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی دەسپێشخەرییەکی سەرۆککۆماری عێراق کرد و گوتی "هەفتەی داهاتوو فوئاد مەعسووم دەستپێشخەرییەک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان رادەگەیێنێت".
سەبارەت بە تورکیا و داهاتووی پەیوەندییەکان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا".
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیش لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتی "حیزبەکان بۆ بابەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کۆدەبنەوە و بڕیاری لەبارەوە دەدەن".
دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی:
رووداو: ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکتان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا کرد، باس لەوەکرا کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، کۆبوونەوەکە چۆن رێکخرا و چیتان باسکرد؟
نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەری مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین بوو. ئەو، دەستپێشخەری کرد بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەیەکی زۆر راشکاوانە بوو، زۆر راشکاوانە قسەمان لەسەر هەموو ئەو پرسانە کرد، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەن. من، دەتوانم بەشێوەیەکی گشتی بڵێم ئەو راشکاوییەی لەم کۆبوونەوەیەدا باسکرا، پێموایە هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە لە ئایندەشدا بتوانین کۆبوونەوەی لەوشێوەیە بکەین و، ئەو خاڵانەی لەنێوان پارتی و گۆڕان هەیە، ئیشەڵڵا چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە.
رووداو: لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر چی رێککەوتن؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە زیاتر باسی پرسەکانمان کرد، پێشنیازی ئێمە ئەوەبوو، بەردەوامی بەم کۆبوونەوانە بدەین. وەکو پارتی ئەو ئامادەییەمان پیشاندا، بۆئەوەی زیاتر پەرە بەو گفتوگۆیانە بدەین، چاوەڕێی گۆڕانین لە راستیدا، ئەوان کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن، رەنگە دوای ئەوەش ئێمە کۆبوونەوەی دیکەشمان هەبێت بۆ ئەوەی هەردوولامان بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش.
رووداو: دوێنێ ئەیاد عەلاوی و ئوسمانە نوجەیفی، جێگرانی سەرۆککۆماری عێراق، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لەگەڵ بەغدا هەیە؟
نێچیرڤان بارزانی: کۆبوونەوەکە ئەو دەستپێشخەرییە بوو کە کرا و بەیاننامەکە دەرچوو کە بینیتان. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونە، ئێمە دەمانەوێت دوای گشتپرسی لەگەڵ بەغدا دانوستاندنێکی جیددی بکەین، دەمانەوێت کۆبوونەوەکان بەو شێوەیە بن، کە هیچ کەسێک مەرجی پێشوەختی نەبێت، بەبێ مەرج هەردوولامان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین، بەبۆچوونی خۆمان ئەوە باشترین چارەسەرە. پەنابردنی بەغدا بۆ وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەن یان کیشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن، چ تورکیا و چ ئێران، بەبۆچوونی ئێمە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە، نە لە بەرژەوەندی عێراقە و نە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە، هەروەها نە لە بەرژەوەندی ئەو وڵاتانەشە، بەبۆچوونی من، باشترین کار ئەوەیە سەرۆکوەزیرانی عێراق تێبگات، ئەمە پرسێکی عێراقییە و پرسێکی خۆمانە، پرسێکی ناو عێراقە بە هەرجۆرێک بێت، باشترین چارەسەریش ئەوە نییە، پەناببرێتە بەر وڵاتانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق، زۆر جوانتریش دەبوو و باشتریشە کە ئەو پرسە لەنێو خودی عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ، بەهەر ئاقار و جۆرێک بێت، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. ئێمە پێمانوایە جەنابی سەرۆککۆمار لە هەفتەی ئایندەدا دەستپێشخەری دەکات بۆ کۆکردنەوەی هێزە سیاسییەکانی عێراق. پێمانوایە ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بگەینە ئەنجام.
رووداو: جەنابت وا دەناسرێیت کە گرێکان دەکەیتەوە، ئێستا لەگەڵ تورکیا تووشی گرێیەک بووین، چی دەکەن بۆ کردنەوەی؟
نێچیرڤان بارزانی: گرێکە زۆر تووندە، ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵام دەبێت هەموو هەوڵێکی خۆمان بدەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکە بۆ وەکو جاران بگەڕێتەوە. دەبێت هەوڵبدەین لەگەڵ دراوسێکانمان. ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان کردمان، زۆرجار گوتوومانە و جەختیشی لێدەکەینەوە، لە ئەنجامی بێهیوایی ئێمە بووە لە بەغدا، ئێمە هەڕەشە نین بۆ هیچکام لە دراوسێکانمان، نە بۆ تورکیا و نە بۆ ئێران، دەمانەوێت پەیوەندی دۆستانە و پەیوەندی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر هەر زۆرتر و باشتر بکەین، پرسی گشتپرسیش پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و دەبێت لە چوارچێوەی عێراقیشدا لەگەڵ بەغدا ئەم پرسە چارەسەر بکەین، هیوادارین ئەوان یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پرسە لەگەڵ بەغدا چارەسەربکەین.
رووداو: کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ وادەی هەڵبژاردن، ئایە گومان هەیە هەڵبژاردن دوابخرێت؟
نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو ئێستا هێزە سیاسییەکان رێکنەکەوتوون لەسەر ئەوە، بڕیار وایە کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ