کار بۆ ئەوە دەکرێت هەولێر و پاریس ببنە دەستەخوشک

08-09-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن بارزانی کۆبوونەوەی لووتکە هەولێر پاریس
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی 100 شاری دونیا لە پاریس بانگهێشتی شارەوانیی هەولێریش دەكرێت.

سەرۆکی شارەوانی پاریس رایگەیاند، كار بۆ ئەوە دەكات كە هەولێر و پاریس ببنە دەستەخوشك و لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی 100 شاری دونیا لە پاریس بانگهێشتی شارەوانیی هەولێریش دەكرێت.

رۆژی چوارشەممە 7ـی 9ـی 2016 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا سەردانی پاریسی كرد و، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی پاریس لەلایەن باڵیۆزی عێراق لە پاریس و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا و د. لوئەی جاف نوێنەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە فەرەنسا پێشوازیلێكرا.

هەمان رۆژ بارزانی سەردانی وەزارەتی بەرگریی فەرەنسای كرد و لەگەڵ ژان-ئیڤ لودغیان، وەزیری بەرگریی فەرەنسا کۆبووەوە. لە كۆبوونەوەکەدا باس لە رۆڵی فەرەنسا لە شەڕی داعش و هاوكاریكردنی پێشمەرگە كرا و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆر خرایە بەر باس و گفتوگۆ. بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵکردنی شاری موسڵ، ئایندەی كوردستان و عێراق و ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی بارزانی و وەزیری بەرگریی فەرەنسا بوو.

هەر لە هەمان رۆژدا، مەسعود بارزانی لەگەڵ ئان ئیدالگۆ، سەرۆكی شارەوانیی پاریس كۆبووەوە. لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی شارەوانیی پاریس باسی لە سەردانی پێشووی خۆی بۆ شاری هەولێر کرد و رایگەیاند، "حەز دەكەن لە یارمەتیدانی ژێرخانی ئابووری و بووژانەوەی شاری هەولێر و كوردستان بەشدار بن" و، كار بۆ ئەوە دەكات كە هەولێر و پاریس ببنە دەستەخوشك و لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی شارەوانییەكانی سەت شاری دونیا لە پاریس بانگهێشتی شارەوانیی هەولێریش دەكرێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە