رووداو – هەولێر
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ ئەمریكا بە یەك چاو لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەڕوانێ و جیاوازیی ناكات. ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەگەر واشنتن-یش پشتگیریی فرۆشتنی نەوتی كوردستان نەكات، ئەوان لەو بڕیارە پاشگەز نابنەوە.
فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تەلەڤزیۆنی رووداو كردو باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا كرد، ئەو گوتی "پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی باشدایە، بەڵام روون نییە".
پێشتر فەلاح مستەفا رایگەیاند "ئەمریكا لەسەر بنەمای بەرژوەندییەكانی خۆی بڕیاردەدات و دەیەوێ سەقامگیریی لە ناوچەكەدا هەبێت، بەڵام ئێمە نامانەوێ سەقامگیریی ناوچەكە چیتر لەسەر حسابی كورد بێت، ئێمە زۆرمان بینی و زۆرمان كێشا، كاتی ئەوە هاتووە گەلی كوردیش بتوانێ بە ئارامی و سەقامگیری بژی". سەبارەت بەوەی ئەو قسانە هەڵوێستی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە یاخود شەخسی خۆی، گوتی "ئێمە هەڵوێستی خۆمان راگەیاند، ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و حكومەت بەدڵیان نەبوایە قسەیان دەكرد".
ئەو بەرپرسەی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەمریكا بێلایەنیی هەڵبژاردووە لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و گوتی "ئەوەی بۆ ئەمریكا گرنگە عێراقە، ئەمریكا جیاوازیی ناكات و بەسرە و هەرێمی كوردستان وەك یەك سەیر دەكات".
سەبارەت بەوەی كە ئەمریكا پشتگیریی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی كوردستان ناكات، فەلاح مستەفا گوتی "فرۆشتنی نەوت مایەی شانازی و سەركەوتنمانە و هەنگاوێك لەو پرۆسەیە ناگەڕێینە دواوە".
"فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەنگاوێكە بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی و بڕیاردان لە چارەنووسی گەلی كورد بەدەستی خۆی"،ئەوە گوتەی سیاسییەكانی باشووری كوردستانە. فەلاح مستەفاش گوتی "ئەمریكاش لەوە دەترسێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ